Accessibility links

سه‌دام له‌سه‌ر تاوانه‌كانی دوجێـل حوكمی له‌ سـێداره‌دان ده‌درێت


دادگایه‌كی عێراقی بڕیاری سزای له‌ سـێداره‌‌دانی به‌سه‌ر سه‌رۆكی پـێشـووی عێراق سه‌دام حسـێندا سه‌باند له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ دژی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامی داوه‌.

دادگای باڵای تاوانه‌كان له‌ عێراق سه‌دامی حوكم دا به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ سـاڵی 1982 دا ژماره‌یه‌ك له‌ شیعه‌كانی شـارۆچـكه‌ی دوجێـلی كوشـتووه‌.

په‌یامنێره‌كانی كه‌ چاودێری دادگایـیكردنه‌كه‌یان ده‌كرد ده‌ڵێن پاش ئه‌وه‌ی سه‌دام گوێی له‌ بڕیاره‌كه‌ بوو په‌شـۆكاوه‌ و له‌رزیوه‌، وه‌ هاواری كردووه‌ و گوتویه‌تی ئه‌ڵاهو ئه‌كبه‌ر و بژی عێراق.

هه‌روه‌ها دوو له‌ داروده‌سـته‌كه‌شی بڕیاری له‌ سـێداره‌دانیان درا، كه‌ هه‌ردوو تاوانبار بارزان ئیبراهیم ئه‌لتكریتی زڕبرای و عه‌واد حه‌مد به‌نده‌ری سه‌رۆكی دادگای شۆڕشی سه‌دام بوون.

ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زانیش كه‌ جێـگری سه‌رۆكی عێراقی پـێشـوو بوو حوكمی زیندانی هه‌تا هه‌تایی درا، وه‌ سێی دیكه‌ش كه‌ كاتی خۆی لـێپـرسـراو بوون له‌ ناو پارتی به‌عسدا به‌ 15 سـاڵ زیندانی حوكم دران.

به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵـگه‌ی ته‌واو له‌ دژی محه‌مه‌د عه‌زاوی عه‌لی دادگا به‌ بێ تاوانی له‌قه‌ڵه‌م دا، ناوبراو ئه‌ویش ئه‌ندامی پارتی به‌عس بوو.

هه‌موو بڕیاری حوكمه‌كانیش به‌ شـێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی پـیاداچوونه‌وه‌ی به‌سه‌ردا ده‌كرێته‌وه‌.

شـایانی باسه‌ سه‌دام و حه‌وت له‌ داروده‌سـته‌كه‌ی دادگایـی كران به‌ تاوانی كوشـتنی 148 شیعه‌ی شـارۆچـكه‌ی دوجێـل دوای شـكسـتهێنانی هه‌وڵـێـكی كوشتنی له‌و شـارۆچـكه‌یه‌ له‌ سـاڵی 1982دا.
سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ په‌یامنێری به‌شی كوردی ڕادیۆی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ شـاری به‌غدا سـروه‌ عه‌بدولواحد ڕاپـۆرتێـكی ئاماده‌كردووه‌، وه‌ ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 3 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG