Accessibility links

قوربانیه‌کانی ته‌قینه‌وه‌ خۆکوژییه‌که‌ی ئاهه‌نگێکی ژنهێنانی به‌غدا گه‌یشتۆته‌ 23 که‌س


کاربه‌ده‌ستانی عێراقی ده‌ڵێن ژماره‌ی قوربانیه‌کانی ته‌قینه‌وه‌ خۆکوژییه‌که‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له ناو ئاهه‌نگێکی ژنهێنانی شیعه‌کان له به‌غدا گه‌یشتۆته‌ 23 که‌س.

نۆ منداڵ له نێو قوربانیه‌کانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌دا بوون که له به‌رده‌م ده‌رگای ماڵێک له باکوری به‌غدا ڕوویدا له کاتێکدا که میوانه‌کان ده‌گه‌یشتن بۆ ئاماده‌بوون له ئاهه‌نگی ژنهێنانه‌که‌. 11 که‌س ده‌ستبه‌جێ له کاتی ته‌قینه‌وه‌که‌دا گیانیان له ده‌ستدا و 12 که‌سی دیکه‌ش پاش برینداربوونیان به سه‌ختی گیانیان له ده‌ستدا.

له لایه‌کی دیکه‌ش، پۆلیسی عێراقی ده‌ڵێن له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا ته‌رمی به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ هه‌شت که‌سیان له به‌غدا دۆزیوه‌ته‌وه‌.

له‌شکری ئه‌مه‌ریکیش ڕایگه‌یاندووه‌ سه‌ربازێکی ئه‌مه‌ریکی له میانه‌ی شه‌ڕوپێکدادانێکی ڕۆژی سێشه‌ممه‌دا له پارێزگای ئه‌نبار کوژراوه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ژماره‌ی قوربانیه‌کانی سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریکیه‌کان له عێراق بۆ مانگی ئۆکتۆبه‌ر گه‌یشته‌ 104 سه‌رباز.

هاوکاتیش له‌شکری ئه‌مه‌ریکی ده‌ڵێت له‌ ئاکامی هێرشێکی ئاسمانی هاوبه‌شی هێزی هاوپه‌یمانان له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا کارگه‌یه‌کی دروستکردنی بۆمبیان له‌ناو بردووه‌ که‌ باوه‌ڕده‌کرێت له لایه‌ن یاخیبوانه‌وه‌ به‌کارهێنرابێت‌. له‌شکر ده‌ڵێت به‌ یارمه‌تی دانیشتوانی ناوخۆی ناوچه‌که‌ توانیویانه‌ شوێنی ئه‌و کارگه‌یه‌یان بۆ ئاشکرا ببێت. دوا به دوای هێرشه‌که‌ش‌، هێزه‌کانی پیاده‌ گه‌یشتنه‌ شوێنه‌واری هێرشه‌که‌ و له‌وێ ژماره‌یه‌ك که‌ره‌سته‌ی ته‌قینه‌وه‌ و 80 به‌رمیلی پڕ له که‌ره‌سته‌ی کیمیاییان دۆزییه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG