Accessibility links

هێزه‌كانی ئه‌مریكا چه‌كدارێـكی ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراق ده‌سـتگیر ده‌كه‌ن


له‌شـكری ئه‌مریكی له‌ عێراق ده‌ڵێت له‌ میانه‌ی هێرشـێـكدا له‌ باشوری به‌غدای پایته‌خت سه‌ربازه‌ ئه‌مریكایـیه‌كان ئه‌ندامێـكی گه‌وره‌ی ئه‌لقاعیده‌یان ده‌سـتگیر كرد.

لێـپـرسـراوه‌ له‌شـكریـیه‌كان ده‌ڵێن ئه‌و هێرشـه‌ی كه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ئه‌نجامدرا به‌مه‌به‌ستی ده‌سـتگیركردنی چه‌كدارێـك بووه‌ كه‌ باوه‌ڕ ده‌كرێت به‌رپـرسبێت له‌ هێنانی شه‌ڕكه‌ری بیانی بۆ ناو عێراق. ده‌شـڵێن سه‌ربازه‌ ئه‌مریكایـیه‌كان گومانـلێـكراوێـكیان كوشـتووه‌ و 10 ی دیكه‌شـیان ده‌سـتگیر كردووه‌.

هاوكات له‌شـكری ئه‌مریكی ده‌ڵێت سه‌ربازێـكی هێزی ده‌ریایی (مارینز) له‌ میانه‌ی شه‌ڕه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ڕۆژی هه‌ینی كوژراوه‌.

له‌ باری سـیاسـیـیه‌وه‌، یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالكی ده‌ڵێن نوری ئه‌لمالكی شـێوازی په‌یوه‌ندیـیه‌كه‌ی خۆی به‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕوونـكردۆته‌وه‌، ده‌شـڵێن به‌ڕێز مالكی ڕۆژی هه‌ینی به‌ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق زاڵمای خه‌لیلزادی گوتووه‌ ئه‌و دۆستی واشـنتۆن بوو، به‌ڵام پـیاوی ئه‌مریكا نیـیه‌ له‌ عێراق.

هه‌ر له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی هه‌ینیدا، نوری ئه‌لمالكی و زاڵمای خه‌لیلزاد ڕێـكـكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دانانی خشـته‌ی كاتی بۆ به‌ره‌و پـێشـچوونی كاره‌كان له‌ وڵاته‌كه‌دا پـێویسـته‌.

پـێشـتر به‌ڕێز مالكی گوتبووی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆی نیـیه‌ خشـته‌ی كاتی بۆ حكومه‌تی عێراقی دابنێت.

بڕیاریش وایه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌ڕێز مالكی له‌ ڕێـگه‌ی ڤیدیۆكۆنفرانسه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكی جۆرج بوش قسه‌ بكات.

شـایانی باسه‌ سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی ئه‌و تێـبینی‌یانه‌ی دا پاش ئه‌وه‌ی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ له‌شـكریـیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ژه‌نه‌ڕاڵ جۆرج كه‌یسی باسـیان له‌ خشـته‌یه‌كی كاتی كرد بۆ باشـكردنی بارودۆخی ئابوری و ئاسایشی.

XS
SM
MD
LG