Accessibility links

چین ده‌ڵێت كۆریای باكور داوای لێبوردنی نه‌كردووه‌


چین نـكۆڵی له‌و ڕاپـۆرته‌ هه‌واڵیـیانه‌ی كۆریای باشور ده‌كات كه‌ هه‌فته‌ی ڕابوردوو باسـیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ڕێبه‌ری كۆریای باكور كیم جونگ ئڵ له‌سه‌ر تاقیـكردنه‌وه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی 9 ی مانگی ده‌ داوای لـێبوردنی كردووه‌.

گوته‌بـێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین لیوو ژیانچاو ڕۆژی سـێـشـه‌ممه‌ به‌ په‌یامنێرانی گوت ئه‌و ڕاپـۆرته‌ هه‌واڵیـیانه‌ دوورن له‌ ڕاسـتیـیه‌وه‌، وه‌ گوتی من زانیاری وام نه‌بیسـتووه‌ كه‌ كیم جۆنگ ئڵ داوای لێبوردنی كردبێت.

هه‌روه‌ها لیوو ژیانچاو گوتی ڕێبه‌ری كۆریای باكور به‌ كاربه‌ده‌سـتانی چینی گوتووه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ نیاز نیـیه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ناوه‌كی تر ئه‌نجام بدات، ئه‌گه‌ر فشـاری نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ریان زیاد نه‌كرێت و وایان لـێبكات ڕایان بگۆڕن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ كۆریای باكور ده‌ڵێت ئه‌و ته‌نها ئه‌و كاته‌ ئاماده‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزی دانوسـتاندنه‌كان ئه‌گه‌ر هاتوو واشـنتۆن ده‌ست له‌ بلۆكـكردنی پاره‌كانیان له‌ بانكێكی مه‌كاو هه‌ڵبگرێت.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكیش ده‌ڵێن ئه‌وان بۆیه‌ ئه‌و پارانه‌یان بلۆك كردووه‌ چونكه‌ كۆریای باكور دراوی قه‌ڵبی ئه‌مریكی دروست ده‌كات و بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

شـایانی باسه‌ له‌ مانگی یانزه‌ی سـاڵی ڕابوردووه‌وه‌ وتووێـژه‌كانی شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی كۆریای باكور وه‌سـتاوه‌، شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ش بریتین له‌ كۆریای باكور و باشور و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و چین و ژاپـۆن و ڕوسیا.

XS
SM
MD
LG