Accessibility links

هێزه‌كانی حكومه‌تی سۆماڵی له شارۆچكه‌یه‌كی باشوری ووڵات ده‌كشێنه‌وه‌


شایه‌تحاڵه‌كان له باشوری سۆماڵیا ده‌ڵێن ڕۆژی شه‌ممه‌ سه‌ربازه‌كانی حكومه‌ت له‌ شارۆچكه‌یه‌كی باشوری ووڵات كشاونه‌ته‌وه كه‌ له‌م دواییه‌دا كه‌وتبۆوه‌ ژێر ده‌ستی ئیسلامی‌یه‌كان‌. تاوه‌كو ئێستا هۆكاری كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان له شارۆچكه‌ی بور هه‌كابا ئاشكرا نی‌یه‌.

هه‌ندێ له دانیشتوانی ئه‌و شاره‌ش له‌به‌ر مه‌ترسی ڕوودانی شه‌ڕوپێكدادانی دیكه‌ له نێوان چه‌كداران و هێزه‌كان حكومه‌ت، له ناوچه‌كه‌ ڕایان كردووه.

‌ له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌شدا، شه‌ڕوپێكدادان له نێوان هێزه‌كانی حكومه‌ت و چه‌كداران له‌ شارۆچكه‌‌ی بوه‌یله‌ ڕوویداوه كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری به‌نده‌ری "كیسمایۆ"، هه‌ردوولاش ده‌ڵێن كۆنترۆڵی شارۆچكه‌كه‌یان كردووه‌.

حكومه‌تی كاتی سۆماڵی له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا و له سه‌رانسه‌ری ووڵاتدا هه‌ڵمه‌ته‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداره‌ ئیسلامی‌یه‌كانی پتر كردووه‌. جێی باسه‌، ئیسلامی‌یه‌كان كۆنترۆڵی ژماره‌یه‌ك شار و شارۆچكه‌ی سه‌ره‌كی ده‌كه‌ن و له نێویاندا مه‌قادیشۆی پایته‌خت.‌

سه‌رچاوه‌ هه‌واڵیه‌كانیش ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌وا حكومه‌تی سۆماڵی له لایه‌ن ووڵاتی ئه‌سیوپیای دراوسێ‌یه‌وه‌ یارمه‌تی ده‌درێت. بۆ ڕێگه‌گرتنیش له‌م یارمه‌تی‌یه‌، له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا ڕێبه‌ری دادگای ئیسلامی سۆماڵی، شێخ شه‌ریف شێخ ئه‌حمه‌د، بانگه‌شه‌ی خه‌ڵكی ئه‌سیوپیای كردووه ‌له دژی حكومه‌ت ڕاپه‌ڕین ساز بكه‌ن.

حكومه‌تی ئه‌سیوپیش ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ڕه‌تكردۆته‌وه‌ كه ڕاده‌گه‌یه‌نن، سه‌ربازی ئه‌سیوپی له‌ ناو سۆماڵیادا بینراوه‌.

XS
SM
MD
LG