Accessibility links

بۆ ڕێـگه‌گرتن له‌ خواسته‌ ناوه‌كیـیه‌كانی ئێران ئۆڵمه‌رت داوای یارمه‌تی له‌ پوتین ده‌كات


سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیلی ئێهود ئۆڵمه‌رت داوای له‌ سه‌رۆكی ڕوسی ڤلادیمیر پوتین كرد‌ یارمه‌تی بدات له‌ ڕێـگه‌گرتن له‌ ئێران له‌وه‌ی چه‌كی ناوه‌كی به‌ده‌ست بهێنێت.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ پاش كۆبوونه‌وه‌ی به‌ به‌ڕێز پـوتین له‌ مۆسـكۆ به‌ په‌یامنێرانی ڕاگه‌یاند كه‌ پـێویسـته‌ تـێـكڕای كۆمه‌ڵـگای نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتووبن له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خواسـته‌ ناوه‌كیـیه‌كانی ئێران.

به‌ڕێز پـوتین له‌ میانه‌ی كۆنـگره‌ ڕۆژنامه‌وانیـیه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆڵمه‌رت دانی به‌و نیگه‌رانیـیانه‌دا نه‌نا، وه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ گوتی ڕوسـیا خوازیاره‌ یارمه‌تی له‌ سه‌رله‌نوێ ده‌سـتپـێـكردنه‌وه‌ی وتووێـژه‌كانی ئاشـتی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌سـتینیـیه‌كان بدات.

شـایانی باسه‌ ئێسـتا ڕوسـیا خه‌ریكی بیناكردنی یه‌كه‌مین ده‌زگای ناوه‌كیـیه‌ له‌ شـاری بوشه‌هری ئێرانی، وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سـزا نێوده‌وڵه‌تیـیانه‌شـدا نیـیه‌ كه‌ پـێشـنیار كراوه‌ به‌سه‌ر تاراندا بـسـه‌پـێنرێت.

ڕۆژی سـێشه‌ممه‌، یه‌كێتی ئه‌وروپا سـزادانێـكی سـنوورداری له‌ دژی حكومه‌تی تاران په‌سه‌ند كرد.

پـێشـتر ئێران دوا مۆڵه‌ته‌ی 31 ی مانگی هه‌شتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پـشـتـگوێ خسـتبوو تا چالاكیـیه‌كانی پـیتاندنی یۆرانیۆمی ڕابگرێت.

XS
SM
MD
LG