Accessibility links

ئاسه‌واری ته‌قینه‌وه‌یه‌كی ناوه‌كی له‌ نزیك كۆریای باكور به‌دی ده‌كرێت


وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ هاوپه‌یمانه‌ ئاسیویـیه‌كانی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و ئاسه‌واری تیشـكه‌ ناوه‌كیـیانه‌ی به‌دی كراوه‌ ڕه‌نگه‌ بیسه‌لمێنێت وه‌ك كۆریای باكور باسی لێوه‌ ده‌كات كه‌ دووشه‌ممه‌ی ڕابوردوو تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ناوه‌كی ئه‌نجامداوه‌.

گوته‌بـێژێـك كه‌ ناوی خۆی ئاشـكرا نه‌كرد، گوتی كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مریكی گوتویانه‌ شـیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بۆ ئه‌و نمونانه‌ی كه‌ له‌ هه‌وای ئاسـمانی نزیـك ئه‌و شـوێنه‌ی كه‌وا باوه‌ڕ ده‌كرێت كۆریای باكور تاقیـكردنه‌وه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی لێ ئه‌نجامداوه‌، نیشـانی داوه‌ ئاسه‌واری تیشـكی ناوه‌كی(radioactivity) تێدایه‌، به‌ڵام هه‌مان كاتیشـدا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ دوا لێـكدانه‌وه‌ و بۆچوونیان نیـیه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ كاربه‌ده‌سـتانی ژاپـۆنی گوتیان دوا پـێوانه‌كانیان بۆ ئاستی تیشـكی ناوه‌كی له‌ ناوچه‌كه‌دا هیچ ئه‌نجامێـكی نائاسایی پـێـشـان نه‌داوه‌.

ئه‌م ڕاگه‌یاندنانه‌ له‌ كاتێـكدا دێت كه‌ پـێشـبینی ده‌كرێت ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیارێـك بده‌ن بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر كۆریای باكوردا. به‌ڵام دیبلۆماته‌كان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێن ناڕه‌زایی دواساتی ڕوسیا و چین له‌سه‌ر به‌رنووسی بڕیاره‌كه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌نگدان له‌سه‌ری دوابخات كه‌وا بڕیاربوو ڕۆژی شه‌ممه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

شـایانی باسه‌ ئه‌گه‌ر پـرۆژه‌ی بڕیاره‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان په‌سه‌ندكرا ئه‌وا سزای جۆراوجۆر به‌سه‌ر كۆریای باكوردا ده‌سه‌پـێنرێت له‌وانه‌ سزای ئابوری و چه‌كسـازی، قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی به‌رپـرسـانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سـنوورداركردنی مامه‌ڵه‌ی دارایی له‌گه‌ڵی. به‌ڵام له‌ نێو به‌رنووسی بڕیاره‌كه‌ باس له‌ به‌كارهێنانی هێز نه‌كراوه‌ كه‌وا پـێده‌چێت بۆ قایلـكردنی ڕوسـیا و چین بێت.

له‌ واشـنتۆنیش سه‌رۆك بوش یاسایه‌كی مۆركرد كه‌ ڕێـگه‌ به‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌دات سزا به‌سه‌ر هه‌ر بیانیـیه‌كدا بسه‌پـێنێت كه‌ ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ست به‌ چه‌ك به‌ كۆریای باكور بدات.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ كۆریای باكور هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات به‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی ناوه‌كی زیاتر ئه‌نجام ده‌دات. بیۆنگیانگ ده‌ڵێت ئه‌و پـێی وایه‌ هه‌ر سزایه‌كی نوێی توند له‌ دژی وه‌ك ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ وایه‌.

XS
SM
MD
LG