Accessibility links

ڕێبه‌ری باڵای ئێران ده‌ڵێت تاران له‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت


ڕێبه‌ری باڵای ئێران عه‌لی خامه‌نه‌یی په‌یمانی دا به‌وه‌ی تاران له‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت.

ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئێران له‌ زاری عه‌لی خامه‌نه‌یی‌یه‌وه‌ بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ گوتویه‌تی سـیاسه‌تی ئێران ڕوون و ئاشـكرایه‌ و به‌ ژیرانه‌ به‌ره‌و پـێشـه‌وه‌ ده‌ڕوات و سووره‌ له‌سه‌ر مافه‌كانی گه‌له‌كه‌ی و لێشی پاشـگه‌ز نابێته‌وه‌.

پاش ئه‌وه‌ی كۆریای باكور گوتی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ یه‌كه‌م بۆمبی ناوه‌كی خۆی ته‌قاندۆته‌وه‌، ئێران ڕۆژی سـێشـه‌ممه‌ داوای له‌ وڵاتانی جیهان كرد ده‌ست له‌ چه‌كه‌ ناوه‌كیـیه‌كان هه‌ڵبگرن.

هاوكات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت دیبلۆماتانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و چین و ڕوسیا( پـێنج ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌یـیه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش) له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا به‌نیازن ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ كۆنگره‌یه‌كی ڤیدیۆیی ده‌به‌ستن بۆ وتووێژكردن سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری سزادانی ئێران له‌سه‌ر ڕانه‌گرتنی پـیتاندنی یۆرانیۆم.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا شـان مه‌ككۆرمه‌ك ده‌ڵێت دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، نوێنه‌رانی ئه‌و شه‌ش وڵاته‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ست به‌ وتووێژ ده‌كه‌ن.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ گوته‌بێژی حكومه‌تی ئێرانی غولام حسێن ئیلهام داوای له‌ ئیسرائیل كرد به‌رنامه‌ی چه‌كی ناوه‌كیـیه‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شـێنێته‌وه‌. ئیسرائیل هه‌رگیز ڕاینه‌گه‌یاندووه‌ ئه‌و خاوه‌نی وزه‌ی ناوه‌كیـیه‌، به‌ڵام شـاره‌زایان پـێـیان وایه‌ چه‌كی ناوه‌كی هه‌یه‌.

كاربه‌ده‌سـتانی ئیسرائیلی ده‌ڵێن ئه‌وان دڵنیگه‌رانن له‌وه‌ی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌ ناوه‌كیـیه‌ی كۆریای باكور ئێران هان بدات په‌له‌ له‌ به‌رنامه‌ی چه‌كی ناوه‌كیـیه‌كه‌ی بكات. هه‌روه‌ها ده‌شـڵێن ئه‌وان له‌وه‌ش ده‌ترسن كۆریای باكور كه‌ره‌سته‌ و ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌تۆمی بدات به‌ تاران.

XS
SM
MD
LG