كۆنده‌لیزا رایسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌ردانێكی كتوپڕی عێراقی كرد و له‌وێ داوای له هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌كان كرد كه جیاوازییه‌كانی خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و شه‌ڕی خوێناوی نه‌ژادی ڕاگرن.
خانم رایس له میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند ڕێبه‌رانی عێراقی كاتیان نییه بۆ ئه‌وه‌ی "مشتومڕی بێ كۆتایی" له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه بكه‌ن كه بۆته هۆی دابه‌ش بونیان، هه‌روه‌ها گوتی ڕه‌وشی ئێستای ئاسایشی ووڵاته‌كه قبوڵ ناكرێت.
خانم رایس سه‌ردانی عێراقی كرد وه‌ك به‌شێك له گه‌شته‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌م سه‌ردانه‌شی له كاتێكدا دێت كه توندوتیژی نه‌ژادی له عێراقدا په‌ره‌ی سه‌ندووه. له ماوه‌ی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر له 20 سه‌ربازی ئه‌مریكیش گیانیان له ده‌ستداوه.
ووته‌بێژێكی له‌شكری ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕایگه‌یاند كه‌وا ژماره‌ی ئه‌و بۆمبانه‌ی له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا له به‌غدا دۆزراونه‌ته‌وه و یاخود ته‌قیونه‌ته‌وه، گه‌یشتۆته به‌رزترین ڕاده.
پێشتریش، له‌شكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند كه‌وا وا پێناچێت ڕێبه‌ری ئه‌لقاعیده له عێراق له نێو ئه‌و قوربانیانه‌دا بن كه له میانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌م دواییه له پارێزگای ئه‌نبار كوژرابن.
ووته‌بێژێكی له‌شكری ئه‌مریكیش گوتویه‌تی باوه‌ڕده‌كات كه ئه‌بو حه‌مزه ئه‌لموهاجر كه به ئه‌بو ئه‌یوب ئهلمسریش ناسراوه له ژیاندا ماوه.
هه‌رچه‌ندێكه كه كاربه‌ده‌ستانی عێراقی و ئه‌مریكیش گوتویانه تاقیكردنه‌وه‌ی DNA له‌سه‌ر ته‌رمی یه‌كێك له‌و چه‌كدارانه ده‌كه‌ن كه پێشتر گومان كرابوو ته‌رمی ڕێبه‌ری ئه‌لقاعیده بێت له عێراقدا.