Accessibility links

سه‌رۆك بوش داكۆكی له‌ سـیاسه‌تی خۆی له‌ عێراق ده‌كات


له‌و ده‌مه‌وه‌ی كۆنتڕۆڵـكردنی كۆنگرێسی ئه‌مریكی له‌ لایه‌ن كۆماریـیه‌كانه‌وه‌ له‌ دوای هه‌ڵـبژاردنه‌كانی مانگی یانزه‌دا كه‌وتۆته‌ مه‌ترسـیـیه‌وه‌، سه‌رۆك بوش ده‌سـتیكردووه‌ به‌ هه‌ڵمه‌تێـكی ڕاگه‌یاندن كه‌ تیایدا داكۆكی له‌ سـیاسه‌تی خۆی له‌ شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر و شه‌ڕی عێراق ده‌كات.

هه‌ر بۆیه‌ سه‌رۆك بوش گوتاری ڕادیۆیی هه‌فتانه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی بۆ مشـتومڕی سـیاسی ته‌رخان كرد. له‌ گوته‌كه‌یدا سه‌رۆك بوش گوتی ڕه‌خنه‌گرانی له‌ سـروشـتی دوژمن تـێـناگه‌ن و هه‌روه‌ها گوتیشی كـێـشـانه‌وه‌ی له‌شـكری ئه‌مریكا له‌م كاته‌دا له‌ عێراق ئه‌و كاره‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌كاته‌ په‌ناگه‌یه‌كی گونجاو بۆ تیرۆریسـتان.

سه‌رۆك بوش ده‌شـڵێت ڕاپـۆرتی ئه‌م دوایـیه‌ی ده‌زگای زانیاریـیه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ پـشـتڕاست ده‌كات وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنـێـكی كۆڵنه‌ده‌ردا ده‌كات. كه‌چی ڕه‌خنه‌گران له‌و سـیاسه‌تی سه‌رۆك بوش ده‌ڵـێن ڕاپـۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات جه‌نگی عێراق له‌ ڕاسـتیدا نه‌وه‌یه‌كی نوێی تیرۆریسـتانی هێناوه‌ته‌ گۆڕێ، ئه‌فسه‌ری پـێشـووی ئه‌مریكی تامی دا‌كۆرث، كه‌ پـێشـتر جه‌نگاوه‌ر بوو له‌ عێراق و له‌ ڕووداوی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی هه‌لیـكۆپـته‌رێـكی ئه‌مریكی له‌و وڵاته‌ هه‌ردوو لاقی له‌ ده‌سـتدا، به‌ ناوی دیموكراته‌كانه‌وه‌ ده‌دوا، وه‌ گوتی با كۆماریـیه‌كان هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر نیشـتیمان په‌روه‌رێتی ئه‌و كه‌سانه‌ ڕابگرن كه‌ له‌گه‌ڵ سـیاسه‌تی شـكستخواردووی جه‌نگی عێراقدا نین. هه‌روه‌ها به‌ڕێز داكۆرث كه‌ خۆی بۆ كۆنگرێس پاڵاوتووه‌ ده‌ڵێت كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ڕێـبه‌رانی عێراقی خۆیان به‌رپـرسـیارێتی كۆنتڕۆڵی وڵاته‌كه‌یان بـگرنه‌ ده‌سـت.

XS
SM
MD
LG