وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی ده‌ڵێت له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا عه‌لی لاریجانی دانوستانده‌ری باڵای ووزه‌ی ناوه‌کی ووڵاته‌که‌یان له‌گه‌ڵ خافێر سۆلانای سه‌رۆکی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا له شوێنێک له ئه‌وروپا کۆده‌بنه‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی مه‌نوچێر موته‌کی له دره‌نگانێکی ڕۆژی سێشه‌ممه‌دا له ته‌له‌فزیۆنی ئێرانیه‌وه ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی بڵاوکرده‌وه پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و نیویۆرک به‌ڕێ بکه‌وێت بۆ ئاماده بوون له کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کا‌ن‌دا.
ئۆفیسی به‌ڕێز سۆلاناش له بروکسڵ نه‌یانتوانی ده‌ستبه‌جێ ئه‌م هه‌واڵی کۆبونه‌وه‌یه پشت ڕاست بکه‌نه‌وه.
پێشتریش، پێشبینی کرابوو که‌وا هه‌ردوو کاربه‌ده‌ست کۆببنه‌وه به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ووت‌وێژی زیاتر سه‌باره‌ت به‌و پێشنیازی کۆمه‌ککردنه‌ی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهانیه‌وه ئاڕاسته‌ی ئێران کراوه ئه‌گه‌ر هاتوو ڕاوه‌ستاندنی چالاکیه‌کانی پیتاندنی یۆرانیۆم بسه‌لمێنێت.
جێی باسه، له 31 ی مانگی هه‌شتی ڕابردوودا ئێران دوامۆڵه‌تی دانراوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانی فه‌رامۆش کرد که تیایدا داوایان له ئێران کردبوو، پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت که خۆرئاواییه‌کان گومان ده‌که‌ن له‌وه‌ی ئێران بۆ دروست کردنی چه‌کی ناوه‌کی به‌کارییان ده‌هێنێت. ئێرانیش ده‌ڵێت به‌کارهێنانی ته‌کنه‌لۆژیای ناوه‌کی له ووڵاته‌که‌یدا ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی ئاشتیخوازانه‌یه.