Accessibility links

ڕاپۆرتێکی نوێ: شه‌ڕی عێراق ناوه‌ندی به‌رپابوونی مه‌ترسی تیرۆری جیهانی‌یه‌


ئاژانسه‌کانی زانیاری ئه‌مریکا ده‌ڵێن دوای ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی ئه‌نجامیانداوه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ئاکامه‌ی شه‌ڕی عێراق یارمه‌تی دروستبوونی نه‌وه‌یه‌کی نوێی ئیسلامه‌ ڕادیکاڵه‌کانی داوه و یارمه‌تی به‌رپابوونی مه‌ترسی تیرۆرزیمی جیهانی‌ داوه‌.

ڕۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز ده‌ڵێت ده‌زگای هه‌ڵسه‌نگاندنی زانیاری نیشتمانی نهێنی، ناوچه‌ داگیرکراوه‌کان یاخود ئه‌و ناوچانه‌ی عێراق که هێزی بیانی لێ‌یه‌ بوونه‌ته‌ ناوه‌ندی دامه‌زراندنی تۆڕ و شانه‌ ئیسلامیه‌ تونده‌ڕه‌وه‌کان که به‌هۆی کارنامه‌ی دژ به خۆرئاوایی‌یه‌کان یه‌كیان گرتووه‌‌.

ڕۆژنامه‌که‌ ده‌شڵێت زیاتر له ده‌یان کاربه‌ده‌ستی ئه‌مریکی و شاره‌زایانی ده‌ره‌وه‌ که‌ ئه‌و ڕاپۆرته‌یان دیوه ‌ده‌ڵێن بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌ ڕادیکاڵه‌کان به‌هۆی هاندانیان به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌لقاعیده‌‌وه‌ گه‌شه‌یان کردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆشیان له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌دا نیه‌.

تایمز ده‌شڵێت مایکڵ هایدن که ئێستا به‌ڕێوبه‌ری ئاژانسی ناوه‌ندی زانیاری ئه‌مریکایه‌ له مانگی چواری ڕابردوودا ئه‌و ڕاپۆرته‌ی بۆ هۆشداری کردنه‌وه‌ له‌و مه‌ترسیه‌ به‌کارهێناوه‌ و گوتویه‌تی ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م جۆره‌ ڕێبازانه‌ ببنه ‌باو و به‌رده‌وام بن ئه‌وا مه‌ترسی‌یه‌کان له‌سه‌ر ئه‌مریکا زۆر جیاواز و بڵاو ده‌بن له‌وانه‌شه‌ ببێته‌ زیادبوونی هێرشه‌کان له سه‌رانسه‌ری جیهان‌دا.

ڕاپۆرته‌که‌ ده‌شڵێت ئه‌و چه‌کدارانه‌ی له‌ عێراق شه‌ڕییان کردووه‌ له‌وانه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ووڵاته‌کانی خۆیان و له‌وێ ناکۆکی ناوخۆیی هه‌ڵبگیرسێنن و ئایدۆلۆژیای ڕادیکاڵی بڵاوبکه‌نه‌وه‌. ڕاپۆرته‌که له کۆتایشدا ده‌ڵێت ئینته‌رنێت زۆر یارمه‌تی بڵاوبونه‌وه‌‌ی ئایدۆلۆژیای جیهادی داوه‌ و بۆته‌ حه‌شارگه‌ی ئه‌و گروپانه‌ی که چیتر له ووڵاتانی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌فغانستان جێگه‌یان نابێته‌وه‌.

جێی باسه‌، ئه‌م ڕاپۆرته‌ی ئاژانسی هه‌ڵسه‌نگاندنی زانیاری نیشتمانی یه‌که‌م ڕاپۆرتی تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی تیرۆریزمی جیهانی که له دوای ده‌ست پێکردنی شه‌ڕی عێراقه‌وه‌ له لایه‌ن ئه‌م ده‌زگایه‌وه‌ بڵاوکرابێته‌وه، هه‌روه‌هاش بریتی‌یه‌‌ له دیدوبۆچونه‌ کۆکراوه‌کانی 16 ده‌زگای سیخوڕی ئه‌مریکی.

XS
SM
MD
LG