Accessibility links

سه‌رۆک بوش نکۆڵی ده‌کات له‌وه‌ی پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی بۆمبارانکردنی پاکستانی کردبێت


سه‌رۆک بوش ده‌ڵێت ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له دوای هێرشه‌ تیرۆرستیه‌کانی ساڵی 2001 له نیۆرک و واشنتۆنی پایته‌خت، هه‌ڕه‌شه‌ی پاکستانی نه‌کردووه. سه‌رۆکی پاکستانیش پێرێز موشه‌ره‌ف ده‌ڵێت کاربه‌ده‌ستێکی باڵای به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش له دوای ئه‌و هێرشه تیرۆرستیانه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی بۆمبارانکردنی ووڵاته‌که‌ی کردووه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو پشتگیری له کرداره‌ له‌شکرییه‌که‌ی ئه‌مریکا له دژی حکومه‌تی سه‌ر به‌ تاڵیبانه‌کان له ئه‌فغانستان نه‌که‌ن.

سه‌رۆک بوش ده‌ڵێت ئه‌و سه‌ری سوڕماوه ‌کاتێک گوێی له‌و ڕاگه‌یاندنه‌ توندانه بووه‌ که ‌ئه‌مریکا گوناهبار ده‌که‌ن به‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی له پاکستان کردووه‌ و گوتی بۆ یه‌که‌م جار له ڕۆژنامه‌کاندا ئه‌و هه‌واڵه‌ی بیستووه‌. سه‌رۆک بوش گوتیشی" من ئاگاداری هیچ جۆره ‌گفتوگۆیه‌کی له‌و شێوه‌یه‌ نیم که له ڕۆژنامه‌کاندا ڕاگه‌یه‌ندراوه‌."

له میانه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی CBS ی ئه‌مریکی، سه‌رۆک موشه‌ره‌ف گوتی ریچارد ئارمتج - جێگری ئه‌و ده‌مه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به سه‌رۆکی ده‌زگای زانیاری پاکستانی گوتبوو که‌وا ووڵاته ‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆمبارانی ووڵاته‌که‌یان ده‌کات و بۆ سه‌رده‌می به‌ردینی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو به‌شداری شه‌ڕی دژ به تاڵیبانه‌کان نه‌کات. سه‌رۆک موشه‌ره‌ف ده‌ڵێت " ئه‌و تێبینیانه‌ زۆر ڕه‌ق بوون."

‌ ئارمتج یش گوتویه‌تی ئه‌و ڕێگه‌ی پێنه‌درابوو که جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ بکات.

له میانه‌ی کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌ هاوبه‌شه‌که‌ی نێوان سه‌رۆک بوش و سه‌رۆکی پاکستانی پاش کۆبونه‌وه‌یان له کۆشکی سپی، به‌ڕێز موشه‌ره‌ف گوتی ئه‌و ناتوانێت سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ قسه‌ بکات چونکه‌ به‌شێکه‌ له‌و په‌رتوکه‌ نوێیه‌ی نوسیویه‌تی. به‌ڕێز موشه‌ره‌ف گوتی " ئه‌و کتێبه‌ له ڕۆژی 25 ی مانگدا بڵاوده‌کرێته‌وه‌ و پابه‌نده ‌به‌ مه‌رجه‌کانی ده‌زگاکانی بڵاوکردنه‌وه‌ی سایمۆن و شوسته که پێش ئه‌و ڕۆژه‌ له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ قسه‌ نه‌کات." ‌

سه‌رۆک بوش یش به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه‌ گوتی " به واتایه‌کی دیکه‌، ئه‌و پێتان ده‌ڵێت کتێبه‌که‌ی‌ بکڕن."

له لایه‌کی دیکه‌، ووته‌بێژی کۆشکی سپی تۆنی سنۆ گوتویه‌تی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش بۆ پاکستانی ڕوون کردۆته‌وه‌ که‌ کاتی خۆی توانیویانه‌ دوا به دوای هێرشه‌کانی یانزده‌ی سه‌پته‌مبه‌ر بژاری خۆیان هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام سیاسه‌تی ئه‌مریکاش بریتی نیه‌ له‌وه‌ی که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بۆمباران کردن بکات.

سه‌رۆک بوش و سه‌رۆک موشه‌ره‌ف پێکه‌وه‌ گفتوگۆشیان له‌سه‌ر هندستان و کێشه‌ی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین و هه‌روه‌ها ڕێکه‌وتنی پاکستان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری هۆزه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ووڵاته‌که‌ی کرد که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان‌دا هاوسنورن.

جێی باسه‌، سه‌رۆک بوش ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ حامد کارزای سه‌رۆکی ئه‌فغانستان له کۆشکی سپی کۆده‌بێته‌وه‌ و له پاشدا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ سه‌رۆک کارزای و موشه‌ره‌ف بۆ ئێواره‌خوانێکی کارکردن بانگهێشت ده‌کات.‌

XS
SM
MD
LG