Accessibility links

هێرشی یاخیبوان له سه‌رانسه‌ری عێراقدا به‌رده‌وامه‌


هێرشه‌ خۆکوژییه‌کان له دوو شاری جودای عێراق بوونه ‌هۆی کوشتنی به ‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 30 که‌س.

پۆلیس ده‌ڵێت هێرشبه‌رێکی خۆکوژ له شارۆچکه‌ی ته‌له‌عفه‌ری باکوری به‌غدا له نێو بازاڕێکی کراوه‌دا خۆی ته‌قاندۆته‌وه‌ و له ئاکامدا به لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 17 که‌س کوژران و 17 که‌سی دیکه‌ش بریندار بوون.

له رومادی پارێزگای ئه‌نباری خۆرئاوای ووڵاتیش ، هێرشبه‌رێکی خۆکوژی دیکه‌ له ناو ئۆتۆمبیلێکدا خۆی ته‌قاندۆته‌وه ‌و له ئه‌نجامدا 13 که‌س کوژراون.

پۆلیس ده‌ڵێت به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 10 که‌سی دیکه‌ش له میانه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌دا برینداربوون که‌ بۆ پێشکه‌شکردنی داوای دامه‌زراندن له‌ ناوی هێزی پۆلیسی عێراقیدا له‌و ناوچه‌یه‌دا بووبوون.

سه‌رۆک هێزه‌کانی پارێزگای ئه‌نباریش له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا یه‌کیان گرتووه و به‌ڵێنیانداوه‌ که‌وا به گژ یاخیبواندا بچنه‌وه‌ و هه‌فته‌ی ڕابردوو ئاماده‌ی کۆبونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت بوون بۆ دامه‌زراندنی هێزێکی پێکهاتوو له به لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 20 هه‌زار که‌س و داوایان له حکومه‌تی عێراقی کرد که چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیان بۆ دابین بکات.

له لایه‌کی دیکه‌ و له به‌عقوبه‌، کۆمه‌ڵێک چه‌کدار چوار ئه‌ندامی خێزانێکیان له ماڵێکدا کوشتووه‌.

له به‌سره‌ی باشوری عێراقیش، پۆلیس ته‌رمی کاربه‌ده‌ستی باڵای هێزی پۆلیس فه‌واز عه‌بدول که‌ریمی دۆزیوه‌ته‌وه‌ که له دره‌نگانێکی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌دا ڕفێندرابوو.

هه‌ر له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا، له‌شکری عێراقی ده‌سه‌ڵاتی کۆنترۆڵکردنی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ی له ده‌ستی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانانی به ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریکا وه‌رگرته‌وه. ئه‌مه‌ش بۆ دووه‌م جاره‌ له مانگی سه‌پته‌مبه‌ردا، ده‌سه‌ڵاتی کۆنترۆڵی ناوچه‌یه‌ک له هێزه‌کانی هاوپه‌یمانه‌وه‌ بۆ له‌شکری عێراقی بگوێزرێته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG