پـێـشـمه‌رگه‌یه‌كی دێرین له دانیشتنی هه‌شته‌می دادگایی کردنی سه‌دام حوسه‌ین‌دا شایه‌تی دا و ووته‌کانیشی تایبه‌ت بوون به هێرشی هێزه‌کانی عێراق به گازی ژه‌هراوی بۆ سه‌ر گونده‌که‌ی له میانه‌ی شاڵاوه‌کانی دژ به کورده‌کان له ساڵانی 1980 کاندا.
شایه‌تحاڵ کاروان عه‌بدوڵا ته‌وفیق له به‌غدا به دادگاکه‌ی گوت دوا به دوای ئه‌و هێرشه، هۆشی لای خۆی نه‌مابوو و دوای چه‌ند مانگێک پاشتر له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئێران خه‌به‌ری بۆته‌وه. هه‌روه‌ها گوتی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگی کوێر بووه و بینینی له کیس چووه. شایه‌ته‌که بۆ نیشاندانی چاوه خوێناوی ئاوساویـیه‌کانی له دادگادا، چاویلکه‌که‌ی له‌سه‌ر چاوی لابرد.
سه‌رۆکی پێشووی عێراقیش له‌و کاته‌دا به دادگاکه‌ی گوت، ئه‌و شایه‌ته کورد نیه و ده‌بێت ووته‌کانی فه‌رامۆش بکرێت. کاروان عه‌بدوڵا له ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانه‌وه چۆته ووڵاتی هۆڵه‌ندا و له‌وێ وه‌ک په‌نابه‌رێکی سیاسی ده‌ژی.
سه‌دام و شه‌ش له ده‌ستوپـێوه‌نده‌که‌ی تاوانبارکراون به‌وه‌ی شاڵاوه له‌شکریـیه‌که‌ی ئه‌نفالیان ئه‌نجامداوه که تیایدا زیاتر له 180 هه‌زار کورد له ساڵانی 1987 و 1988 دا کوژران.
ووته‌کانی کاروان عه‌بدوڵا ته‌وفیق یش به‌شێـک بوو له دانیشتنی هه‌شته‌می تایبه‌ت به دادگایی کردنی سه‌دام حوسه‌ین له دادگای باڵای تاوانه‌کان له به‌غدا که پاش سێ ڕۆژ دواخستن ده‌ستی پـێکرده‌وه.