Accessibility links

هه‌ڵـمه‌تێـكی نوێ له‌ دژی چه‌كدارانی تاڵیبان له‌ ئه‌فغانسـتان ده‌سـتپـێده‌كات


هه‌زاران سه‌ربازی ئه‌فغانی و هاوپه‌یمانانی به‌ سه‌ركردایه‌تی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌سـتیانكردووه‌ به‌ هه‌ڵـمه‌تێـكی نوێی له‌شـكری له‌ دژی چه‌كدارانی تاڵیبان له‌ ئه‌فغانسـتاندا.

كاربه‌ده‌سـتانی هاوپه‌یمانان ده‌ڵـێن ئه‌م ئۆپه‌راسـیۆنه‌ كه‌ به‌ توڕه‌ی چیاكان ناوزه‌ند كراوه،‌‌ 7 هه‌زار سه‌رباز تیایدا به‌شـداری ده‌كه‌ن، وه‌ ناوچه‌كانی غازنی و خۆست و لۆگار و پاكتیكا و پاكتیا ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فغانسـتان. هه‌روه‌ها سه‌ربازه‌كان یارمه‌تیش ده‌ده‌ن له‌ په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌پـێدانی ئابوری له‌و ناوچانه‌دا.

به‌یانـنامه‌یه‌كی هاوپه‌یمانان ده‌ڵـێت ئه‌م ئۆپه‌راسـیۆنه‌ به‌شـێـكه‌ له‌و زنجیره‌ ئۆپه‌راسـیۆنه‌ هه‌ماهه‌نـكراوانه‌ی كه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاته‌كه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر چه‌كداره‌كانی تاڵیبان.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ناتۆ ده‌ڵـێت له‌ دره‌نـگ كاتێـكی ڕۆژی هه‌ینی له‌ باشوری ئه‌فغانسـتان و له‌ پارێزگای ئوروزجان هێزه‌كانیان 17 یاخیبوویان كوشـتووه‌ كاتێـك له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازگه‌یه‌كی سه‌ربازی خه‌ریكی چاندنی بۆمب بوون. هه‌روه‌ها به‌یانـنامه‌كه‌ ده‌ڵـێت 5 ماشـێـنی یاخیبووان له‌ پـێـكدادانه‌كاندا تێـكشـكێنراوه‌.

هه‌روه‌ها به‌یانـنامه‌یه‌كی له‌شـكری ده‌ڵـێت له‌ پارێزگای خۆستی نزیـك به‌ سـنووری پاكسـتان دوو سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌وانه‌ی مه‌شـق به‌ هێزه‌كانی ئه‌فغانی ده‌كه‌ن یه‌كێـكیان كوژراوه‌ و ئه‌وی دیكه‌شـیان بریندار بووه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئه‌فغانیش بریندار بوون.

ڕۆژی شه‌ممه‌ش به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێـك له‌ باشوری كابوڵ 3 كارمه‌ندی فریاگوزاری ئه‌فغانی كوژراون و یه‌كێـكی دیكه‌ش بریندار بووه‌.

XS
SM
MD
LG