سه‌رۆک بوش ده‌ڵێت پێویسته کۆنگرس ئه‌و به‌رنوسه یاساییه‌ی پێشکه‌شی کردووه تایبه‌ت به لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ گومانلێکراوه تیرۆرسته‌کان‌دا په‌سه‌ند بکات و ئه‌گه‌ر نا ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه کۆتای‌یان پێ ده‌هێنرێت.
سه‌رۆک بوش ڕۆژی هه‌ینی له کۆشکی سپی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی به‌ست و گوتی کارمه‌ندانی ده‌زگاکانی زانیاری ئه‌مریکا ئاماده نین لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ندکراوه‌کاندا بکه‌ن ئه‌گه‌ر هاتوو یاسایه‌کی ڕوون و ئاشکرا له‌به‌رده‌میاندا نه‌بێت بۆ په‌یڕه‌وکردنی ڕێنوماییه‌کانی و نه‌ک کار له‌سه‌ر یاسایه‌ک بکه‌ن که به‌نده‌کانی ڕوون نه‌بێت.
ڕۆژی پێنج شه‌ممه، ده‌سته‌یه‌کی پێداچونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سیناتی ئه‌مریکا ئه‌و پلانه‌ی سه‌رۆک بوشی ڕه‌ت کرده‌وه و له جیاتی یاسایه‌کی تری په‌سه‌ند کرد که مافی زیاتر به به‌ندکراوان ده‌دات وه‌ک له‌وه‌ی سه‌رۆک خواستی ده‌کات.
ئه‌و یاسا نوێیه‌ش له لایه‌ن سێ سیناتۆری سه‌ره‌کی سه‌ر به پارتی کۆمارییه‌کان هه‌وڵی ده‌رچوونی بۆ درا و له نێویاندا جۆن وارنه‌ر. هه‌روه‌ها کۆڵن پاوه‌ڵی وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پێشووی جۆرج بوش پشتیوانی له‌و یاسا نوێیه کرد.
به‌ڕێز پاوه‌ڵ گوتویه‌تی " جیهان ده‌ست ده‌کات به‌وه‌ی گومانی له بنچینه‌کانی به گژداچونه‌وه‌ی شه‌ڕی دژه تیرۆری هه‌بێت." سه‌رۆک بوش له‌م باره‌یه‌وه، ڕۆژی هه‌ینی گوتی ئه‌و بۆچونانه " بیرۆکه‌یه‌کی لاواز و په‌رش و بڵاوه."
به‌ڕێز جۆن وارنه‌ر ئاماژه‌ی داوه به‌وه‌ی که هێشتا ئۆمێدی سازشکردن له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه، به‌ڵام باوه‌ڕیشی وایه کۆشکی سپی په‌یڕه‌وی ڕێنوماییه ده‌ستورییه‌کانی دادگای باڵای ئه‌مریکا ناکات. بڕیاریشه له هه‌فته‌ی داهاتوودا، ئه‌نجومه‌نی سینات به شێوه‌یه‌کی ته‌واوه‌تی ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و یاسا نوێیه بدات.
سه‌رۆک بوش خواستی ئه‌و سیسته‌مه دادوه‌رییه له‌شکرییه تایبه‌ته ده‌کات که له چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ردا ڕێگه‌ی به دامه‌زراندنیدا. ئه‌و سیسته‌مه‌ش ڕێگه به تاوانباران نادات زانیارییه نهێنیه‌کانی په‌یوه‌ست به دۆسیه‌که‌ی خۆیان ده‌ست بکه‌وێت. به پێی دادگای باڵا، سه‌رۆک به دامه‌زراندنی ئه‌و جۆره سیسته‌مه، چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌زاندووه.
هه‌روه‌ها کۆشکی سپی نایه‌وێ به شێوه‌یه‌کی یاسایی په‌یوه‌ست بێت به جێبه‌جێکردنی ڕێکه‌وتنامه‌ی جنێف بۆ مامه‌ڵه‌کردنی مرۆیی له‌گه‌ڵ به‌ندکراوان‌دا که ئه‌مریکا خۆیشی ئیمزای کردووه. له هه‌مان کاتیش‌دا به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش ده‌ڵێت په‌یڕه‌وی پرنسیپه‌کانی ئه‌و ڕێکه‌وتنامه‌یه ده‌کات.