Accessibility links

زیاتر له‌ 20  ته‌رم له‌ به‌غدا ده‌دۆزرێنه‌وه‌


هێزه‌ ئاسایشیـیه‌كانی عێراق ته‌رمی 20 پـیاوی تریان له‌ به‌غدا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و به‌مه‌ش ژماره‌ی قوربانیانی توندوتیژی ئاینزایی كه‌ به‌ شـێوازی ئیعدام كردن كوژراون گه‌یشـتۆته‌ زیاتر له‌ 80 كه‌س له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو ڕۆژه‌ی ڕابوردوودا.

گوته‌بێـژێـكی له‌شكری ئه‌مریكی له‌ به‌غدا ژه‌نه‌ڕاڵ ولیه‌م كاڵدوێـڵ گوتویه‌تی به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌و كوشـتنانه‌ له‌ به‌غدا هه‌یه‌.

هه‌ر ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی گوتیان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دوو ئۆتۆمبیلی به‌ بۆمبڕێـژكراو به‌لایه‌نی كه‌م 10 كه‌س كوژراون و ده‌یانی دیكه‌ش بریندار بوون.

له‌ شـاری دیوانیـیه‌ی باشوری عێراقیش قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ پاش ئه‌وه‌ی پـۆلیس ته‌قه‌یان له‌ خۆپـیشـانده‌ران كردووه‌ و یه‌كێـكیان كوشـتووه‌ و 10 ی دیكه‌شـیان بریندار كردووه‌. ئه‌و خۆپـیشـاندانه‌ش كاردانه‌وه‌ بووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشـه‌ی له‌شـكری ئه‌مریكا كردبوویه‌ سه‌ر ئۆفیسـێـكی مه‌لای توندڕه‌وی شیعه‌ ئاینزاكان موقته‌دا ئه‌لسه‌در.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌ڵـێت گه‌وره‌ یاریده‌ده‌رێـكی ئه‌بو ئه‌یوب ئه‌لمیسری سه‌ركرده‌ی تۆڕی ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراقیان كوشـتووه‌، وه‌ گوتوشـیانه‌ ناوی ئه‌بو جه‌عفه‌ر ئه‌لیبیـیه‌. هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌سـتانی ئاسایشی عێراقیش گوتوویانه‌ گه‌وره‌ به‌رپـرسـێـكی تری ئه‌لقاعیده‌یان ده‌سـتگیر كردووه‌.

له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌شـكری ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندوه‌ 2 سه‌ربازی تری ئه‌مریكایی له‌ باشوری به‌غدا كوژراون، یه‌كێـك له‌و دوو سه‌ربازه‌ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ ئاكامی شه‌ڕه‌ ته‌قه‌یه‌ك برینداربوو مردووه‌ و ئه‌وی تریشـیان بۆمبێـك به‌ ماشـێـنه‌كه‌یدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG