Accessibility links

مه‌حمود عه‌باس ده‌ڵـێت ئه‌و ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئۆڵمه‌رت كۆبـبێـته‌وه‌


سه‌رۆكی فه‌له‌سـتینی ده‌ڵـێت بۆ زیندو كردنه‌وه‌ی وتـووێـژه‌كانی ئاشـتی ئه‌و ئاماده‌یه‌ به‌بێ مه‌رجی پـێشـه‌كی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیلی ئێهود ئۆڵمه‌رت كۆبـبێـته‌وه‌.

به‌ڕێز عه‌باس ئه‌م لـێدوانه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ دا پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیری به‌ریتانی تۆنی بلێر له‌ شاری ڕامه‌ڵـڵا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ كه‌ناری ڕۆژئاوا.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كۆنـگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شـدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌باس، سه‌رۆك وه‌زیری به‌ریتانی تۆنی بلێر پـێشـوازی له‌ ئه‌گه‌ری دامه‌زراندنی حكومه‌تێـكی یه‌كگرتووی فه‌له‌سـتینی كرد. گوتیشی ده‌بێت كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تێـكی له‌و جۆره‌ بكات ئه‌گه‌ر هاتوو له‌سه‌ر بناغه‌ی مه‌رجه‌كانی ئه‌و چوار لایه‌نه‌ بێت كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌سـتینیـیه‌كان كار ده‌كه‌ن.

ئه‌و چوار لایه‌نه‌ كه‌ بریتین له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ڕوسـیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، پـێشـتر داوایان له‌ حه‌ماس كرد واز له‌ توندوتیژی بهێنێت و دان به‌ بوونی ئیسرائیلدا بنێت و ڕێـكه‌وتنـنامه‌كانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌له‌سـتینی قبوڵ بكات.

شـایانی باسه‌ به‌ڕێز بلێر له‌ ماوه‌ی سه‌ردانه‌ كورته‌كه‌ی بۆ ناوچه‌ فه‌له‌سـتینیـیه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیری فه‌له‌سـتینی ئیسماعیل هه‌نیـیه‌، وه‌ یان هه‌ر ئه‌ندامێـكی دیكه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌ماس كۆنه‌بۆوه‌.

هه‌روه‌ها به‌ڕێز ئۆڵمه‌رتیش ڕۆژی شه‌ممه‌ گوتی ئه‌ویش ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌له‌سـتینی كۆبـبێـته‌وه‌ بۆ به‌ره‌و پـێـشه‌وه‌بردنی پلانی ئاشتی نه‌خشه‌ی ڕێـگا.
هه‌تا ئێـسـتا ژوانێـك بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ دانه‌نراوه‌.
هه‌ردوو ڕێبه‌ری فه‌له‌سـتینی و ئیسرائیلی دواهه‌مین جار له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نافه‌رمی له‌ مانگی شه‌ش له‌ ئوردن چاویان به‌ یه‌ك كه‌وت.

XS
SM
MD
LG