Accessibility links

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت لێكۆڵینه‌وه‌كانی CIA یارمه‌تی ئاشكرابوونی پیلانه‌كانی ئه‌لقاعیده‌یان داوه‌


سه‌رۆك بوش بۆ جارێكی دیكه‌ دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌وا به‌رنامه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی ده‌زگا ناوه‌ندی زانیاری ئه‌مریكا واتا CIA بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆرستان له به‌ندیخانه‌ نهێنیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات، یارمه‌تی ئه‌مریكایان داوه پارێزراوتر بێت.

سه‌رۆك بوش له میانه‌ی ووتاری هه‌فتانه‌ی ڕادیۆیی ڕۆژی شه‌ممه‌دا، په‌یامه‌كانی زنجیره ‌ووتاره‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی تایبه‌ت به تیرۆریزمی دووپات كرده‌وه‌. ئه‌م ووتارانه‌ له كاتێكدا دێن كه له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا بیره‌وه‌ری ڕووداوه‌كانی یانزده‌ی سه‌پته‌مبه‌ری ساڵی 2001 بۆ سه‌ر ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌هاش هه‌ڵبژاردنه گرنگه‌كانی مانگی یانزده‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌.

به‌ڕێز بوش له ووتاره‌ ڕادیۆییه‌كه‌یدا گوتی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه ده‌زگای CIA ده‌ستیان كه‌وتووه، یارمه‌تی داون پیلانه‌كانی ئه‌لقاعیده ‌بۆ دروستكردنی چه‌كی بایه‌لۆجی، پیلانی هێرشێك بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا له جیبۆتی و فڕاندنی ئه‌و فڕۆكه‌ ئه‌مریكیانه‌ی له فڕۆكه‌خانه‌ی هێترۆی له‌نده‌نه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕانه‌وه، ئاشكرا بكه‌ن‌.‌

له وه‌ڵامی دیموكراته‌كانیشدا، كۆنگرسمانی سه‌ر به دیموكراته‌كان شێرۆد براون ی سه‌ر به‌ ویلایه‌تی ئۆهایۆ ووته‌كانی سه‌رۆك بوشی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و گوتی پێنج ساڵ له دوای ڕوودانی هێرشه‌كان، ووڵاته‌كه‌ له ڕاستیدا كه‌مترێك سه‌لامه‌تتره‌.

براون گوتی عێراق بۆته‌ مه‌ڵبه‌ندی مه‌شق و ڕاهێنان پێكردنی تیرۆرستان و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ر به ئه‌لقاعیده ‌و ڕێكخراوه ‌تیرۆرستیه‌كانی دیكه‌. هه‌روه‌ها سه‌رۆك بوشی تاوانبار كرد به‌وه‌ی له‌م دواییه‌دا‌ جه‌ختی كردۆته‌‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانی دژ به تیرۆر و دوورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌و شه‌ڕه‌ی عێراق كه پشتیوانیه‌كی كه‌می لێ ده‌كرێت.

جێی باسه‌، سه‌رۆك بوش له ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا، ووتارێك پێشكه‌شی جه‌ماوه‌رانی ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر پێنجهه‌مین ساڵڕۆژی هێرشه‌كانی یانزده‌ی سه‌پته‌مبه‌ر. له هه‌مان ڕۆژیشدا به نیازه سه‌ردانی شوێنه‌واری هێرشه‌كانی یانزده‌ی سه‌پته‌مبه‌ر له شاری نیۆرك و شانكسڤڵ له په‌نسلڤانیا و پنتاگۆن له واشنتۆنی پایته‌خت بكات.

XS
SM
MD
LG