Accessibility links

وڵاته‌ مه‌زنه‌كانی جیهان به‌ نیازن پـێنجشه‌ممه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران كۆبـبنه‌وه‌


وڵاته‌ زلهێزه‌كانی جیهان پـێشـبینی ده‌كه‌ن ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ له‌ به‌رلین كۆبـبنه‌وه‌ تا وتووێـژ بكه‌ن له‌سه‌ر هه‌نگاوی داهاتوویان ‌سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران.

دیبلۆماتانی ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسـا و به‌ریتانیا و چین و ڕوسـیا ( ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌یـیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان) و ئه‌ڵمانیا كۆده‌بـنه‌وه‌ بۆ وتووێـژكردن.

وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا گوتی پـێشـبینی ده‌كات هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌یان ‌بن به‌وه‌ی ئێران دوا مۆڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی فه‌رامۆش كردووه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ داوای لێ كردبوو هه‌تا 31 ی مانگی هه‌شت كاره‌كانی پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابـگرێت.

شـایانی باسه‌، ڕوسـیا و چین له‌گه‌ڵ سـزادانی ئێراندا نه‌بوون.

هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ دانوسـتانده‌ری باڵای ناوه‌كی ئێرانی، عه‌لی لاریجانی له‌ مه‌درید چاوی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری سـیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا خافێر سۆلانا بكه‌وێت. بڕیار وابوو هه‌ردووكیان ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ ڤیـیه‌نـنا كۆبـبنه‌وه‌، به‌ڵام ئێران وتووێـژه‌كانی دواخست. ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی حكومه‌تی ئێرانیش گوتیان هه‌روه‌ها عه‌لی لاریجانی له‌ مه‌درید له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌سـتانی دیكه‌ی ئه‌وروپی كۆده‌بـێـته‌وه‌.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسـیا سـێرگی لاڤرۆڤ گوتی هه‌رچ سـزادانێـكی ئێران ده‌بێت به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی له‌خۆ نه‌گرێت. هه‌روه‌ها دووباره‌شی كرده‌وه‌ كه‌ ڕوسـیا چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی له‌ ڕێـگه‌ی دانوسـتاندنه‌وه‌ پـێ باشه‌.

XS
SM
MD
LG