Accessibility links

به‌رپـرسـێـكی ئه‌مریكی ده‌ڵێت ئێران بانـكی ناوه‌ندی تیرۆره‌


به‌رپـرسـێـكی ئه‌مریكی بۆ نه‌هێشـتنی تیرۆر ده‌ڵێت ئێران پاره‌ و پـولی بۆ حزبوڵـڵا دابین كردووه‌ تا كاره‌ تیرۆریسـتیـیه‌كانی پـێ ئه‌نجام بدات، وه‌ به‌و وڵاته‌ ناوی ده‌بات كه‌ بانكی تیرۆره‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ چاوپـێـكه‌وتنێـكدا له‌گه‌ڵ ئه‌سۆشه‌یتد پـرێس، سـتیوارت لیڤی گوتی ئێران به‌شـێـك له‌ بودجه‌كه‌ی بۆ تیرۆریزم ته‌رخان كردووه‌.

بریـكاری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكی بۆ تیرۆریزم، سـتیوارت لیڤی ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند له‌ كاتێـكدا ئه‌و دوا مۆڵه‌ته‌ی بۆ ئێران دانراوه‌ تا كاره‌كانی پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت نزیـك ده‌بێـته‌وه‌، كه‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ی ڕێـكه‌وتی 31 ی مانگی هه‌شته‌، وه‌ یان ئه‌وه‌تا ڕووبه‌ڕووی سـزا ده‌بێـته‌وه‌.

له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ئێرانه‌وه‌، وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڤیزه‌ ده‌دات به‌ سه‌رۆكی پـێـشـووی ئێرانی محه‌مه‌د خاته‌می، كه‌ بانـگهێشت كراوه‌ بۆ به‌شـداریكردن له‌ سـیمینارێـكی تایبه‌ت به‌ ئاینه‌كان له‌ واشـنتۆن.

شـایانی باسه‌ خاته‌می به‌ ڕێبه‌رێـكی ئاینی ئێرانی میانڕه‌و ناسراوه‌، وه‌ داوای وتووێـژی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كرد له‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیـیه‌كه‌ی، كه‌ سـاڵی ڕابوردوو ته‌واو بوو.

XS
SM
MD
LG