فه‌ره‌نسا ده‌ڵێت 2000 سه‌رباز بۆ لوبنان ده‌نێرێت تاوه‌کو به‌شداری هێزی ئاشتیخوازی نێونه‌ته‌وه‌یی له ناوچه‌که‌دا بکه‌ن.
سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا له میانه‌ی ووتارێکی ته‌له‌فزیۆنی نیشتمانیدا گوتی 1600 سه‌ربازی دیکه بۆ لوبنان ده‌نێرێت و به‌م شێوه‌یه کۆی ژماره‌ی سه‌ربازه‌کانی فه‌ره‌نسا ده‌گاته 2000.
فه‌ره‌نسا ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆری لێ گیرا پاش ئه‌وه‌ی له هه‌فته‌ی ڕابردوودا به‌ڵێنی دا به ناردنی ته‌نها 200 سه‌رباز بۆ لوبنان. پێشتریش فه‌ره‌نسا 200 سه‌ربازی نارد تاوه‌کو به‌شداری هێزه‌کانی چاودێری نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ناوچه‌که‌دا بکه‌ن.
به‌ڕێز شیراک گوتی فه‌ره‌نسا له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه، ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی پێ ده‌گات ده‌رباره‌ی مه‌رجه‌کانی به‌شداری بوونیان له‌و هێزه‌دا. هه‌روه‌ها گوتی ئیسرائیل و لوبنانیش به‌ڵێنیان داوه به‌وه‌ی هێزه‌کانی ئاشتیخوازی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌توانن به ته‌واوه‌تی کاره‌کانی خۆیان جێ به‌جێ بکه‌ن.
له رۆما، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیلی تزیپی لیڤینی گوتی ده‌بێت ئه‌و بڕیاری ئاگربه‌ستنه به ته‌واوه‌تی و به خێرایی جێ به‌جێ بکرێت.
ژماره‌یه‌کی که‌می ووڵاتانی جیهانیش به‌شداری خۆیان له‌و هێزه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌دا ڕاگه‌یاندووه.
هه‌ر له ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فنله‌ندا به ڕۆژنامه‌وانانی ڕاگه‌یاند هیواداره تاوه‌کو ڕۆژی هه‌ینی ووڵاتانی ئه‌ندام له یه‌کێتی ئه‌وروپا، ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازانه دیاری بکه‌ن که به نیازن بۆ لوبنانیان بنێرن به‌و ئومێده‌ی بتوانن له هه‌فته‌ی داهاتوودا بگه‌نه ناوچه‌که. جێی باسه، سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێتی ئه‌وروپا ئێستاکه له ژێر ده‌ستی فنله‌ندادایه.
بڕیاره له ڕۆژی هه‌ینی‌دا، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له بروکسڵ کۆببنه‌وه تاوه‌کو ووتوێژ له‌سه‌ر چۆنێتی به‌شداربونیان بکه‌ن و کۆفی ئه‌نانی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش به‌شداری ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه بکات.