Accessibility links

هێزه‌كانی ناتۆ و ئه‌فغانی ژماره‌یه‌كی زۆری تاڵیبان ده‌كوژن


كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌فغانی ده‌ڵێن هێزه‌كانی ناتۆ و ئه‌فغانی له‌ شه‌ڕێـكدا له‌ هه‌رێمی قه‌نده‌هار له‌ باشوری وڵات به‌لایه‌نی كه‌م 71 كه‌سـیان له‌ تاڵیبانه‌كان كوشـتووه‌.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری پـۆلیسی هه‌رێمه‌كه‌‌ نیاز محه‌مه‌د سه‌رهه‌دی ڕایگه‌یاند كه‌ 4 پـۆلیس و سه‌ربازێـك له‌ شه‌ڕ و پـێـكدادانه‌كانی ناوچه‌ی پـێنجوای له‌ باشـوری ڕۆژئاوای شـاری قه‌نده‌هار كوژراون.

شه‌ڕ و پـێـكدادانه‌كان له‌و كاته‌دا هه‌ڵـگیرسـا كه‌ له‌ دره‌نگ كاتێـكی شه‌وی شه‌ممه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری تاڵیبانه‌كان ده‌سـتیان به‌ هێرشـێـك كردبوو. پـۆلیس به‌ درێـژایی شه‌و و به‌ پاڵـپـشـتی فڕۆكه‌كانی ناتۆ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشـه‌كه‌ شه‌ڕیان كردووه‌.

له‌ ڕووداوێـكی دیكه‌شـدا له‌ ڕۆژی شـه‌ممه‌، بۆمبێـك به‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوچه‌ی كه‌نار كه‌وتبوو، له‌ ئاكامدا سێ سه‌ربازی ئه‌مریكی كوژراوه‌. له‌ ناوچه‌ی ئۆرزجانیش و له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕێـكی سه‌ختدا سه‌ربازێـكی ئه‌مریكی و سه‌ربازێـكی ئه‌فغانی كوژراون. له‌ باشوری ناوچه‌ی زابوولیش له‌ ڕووداوێـكدا پـۆلیسـێـكی ئه‌فغانیش كوژراوه‌.

ئه‌م توندوتیژیانه‌ له‌ كاتێـكدا دێت كه‌ ئه‌فغانسـتان به‌ بۆنه‌ی 87 هه‌مین سـاڵیادی سه‌ربه‌خۆیی بوونی له‌ حوكمی به‌ریتانی ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت.

XS
SM
MD
LG