Accessibility links

ئێران ئاماده‌یه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ناوه‌كی بكات


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت تاران ئاماده‌یه گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ناوه‌كی بكات و له‌گه‌ڵ ئه‌و ووڵاته به‌هێزانه‌ی جیهاندا كۆببێته‌وه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی ناوه‌كی ئێرانیان خسته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

مه‌نوچێر موته‌كی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له تاران گوتی حكومه‌ته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو مه‌سه‌له‌كان گفتوگۆ بكات و یه‌كێك له مه‌سه‌له‌كانیش ڕاگرتنی چالاكیه‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆمه له لایه‌ن تارانه‌وه‌.

له واشنتۆنیش، ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی ئێرانی ڕه‌ت كرده‌وه‌.

ووته‌بێژ گۆنزالۆ گالیگۆس گوتی ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا چاوه‌ڕێی وه‌ڵامێكی ڕه‌سمی بڕیاره‌كه‌ی ڕۆژی 31 ی مانگی 7 ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌و بڕیاره‌دا داخوازی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم تاوه‌كو كۆتایی مانگی هه‌شت كرد، گه‌رنا ڕووبه‌ڕووی سزای ئابوری ده‌بێته‌وه‌. ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش وه‌ك به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ڕووسیا و چین شان به شانی ئه‌ڵمانیا پێشنیازی یارمه‌تیدانی ئێرانیان كردووه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو چالاكیه‌ ناوه‌كیه‌كانی ڕابگرێت.

ئێرانیش گوتویه‌تی له هه‌فته‌ی داهاتوودا، وه‌ڵامی ئه‌و پێشنیازانه‌ ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام به‌ به‌رده‌وامی ده‌شڵێت مافی خۆیه‌تی یۆرانیۆم بپیتێنێت.

XS
SM
MD
LG