ته‌قینه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك بۆمب له به‌غدا بۆته هۆی كوشتنی 21 كه‌س، هاوكاتیش ڕووداوه توندوتیژییه‌كان له عێراق به‌رده‌وام بوون.
پۆلیس ده‌ڵێت ته‌قینه‌وه‌ی دوو ئۆتۆمبیلی بۆمب چێنراو له ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه له به‌غدا بۆته هۆی كوشتنی 13 كه‌س و بریندار بوونی زیاتر له 40 كه‌سی دیكه.
ته‌قینه‌وه‌یه‌كی تریش كه له زوویه‌كی هه‌مان ڕۆژدا ڕوویدا، 8 قوربانی لێكه‌وته‌وه و به لایه‌نی كه‌مه‌وه 28 كه‌سی له نزیك بنكه‌یه‌كی ڕاوه‌ستاندنی پاس بریندار كرد كه له‌و ناوچه‌یه‌دا بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئیش و كار، كرێكارانی لێ كۆده‌بێته‌وه.
هاوكاتیش، كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ڵێن نزیكه‌ی 3500 عێراقی له ماوه‌ی پێكدادانه‌كانی مانگی ڕابردوو، له سه‌رانسه‌ری ووڵاتدا گیانیان له ده‌ستداوه.
له لایه‌كی دیكه‌ش، كۆمه‌ڵێك گروپی چه‌كدار هێرشیان كردۆته سه‌ر ئۆفیسی پارێزگاری به‌سره. پۆلیس ده‌ڵێت له دوای ئه‌و هێرشه 5 كه‌سیان ده‌ستگیر كردووه. له شاری موسڵیش، یاخیبوان له‌گه‌ڵ پۆلیسی عێراقیدا شه‌ڕییان كردووه. پۆلیس گوتویه‌تی 5 یاخیبویان كوشتووه و 6 كه‌سی دیکه‌یان ده‌ستگیركردووه.
سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌ش كه كرایه سه‌ر باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له شاری موسڵ، په‌یامنێری به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت ئه‌نجومه‌نی شورای موجاهدین كه گروپێكی سه‌ر به ئه‌لقاعیده‌ن له عێراق، به‌رپرسێتی خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه نیشانداوه.