Accessibility links

كاروانی یارمه‌تیـیه‌ فریاگوزاریـیه‌كان بۆ باشوری لوبنان ده‌گات


نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستی كردۆته‌وه‌‌ به‌ ناردنی كه‌ره‌سـته‌ و كه‌لوپه‌لی كۆمه‌كـكردن بۆ باشوری لوبنان.

ڕێـكخراوی خۆراكی جیهانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دوو كاروانیان ناردووه‌ كه‌ خۆراك و ده‌رمانی پـێـیه‌ بۆ هه‌ردوو شـاری به‌نده‌ری صوڕ و صه‌یدا. هه‌روه‌ها چه‌ند كاروانێـك كۆمه‌كیشـیان ناردووه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی لوبنان له‌ ڕێـگه‌ی سوریاوه‌.

ڕێـكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت ئه‌وان بڕیاریان داوه‌ كاروانی یارمه‌تیـیه‌كان بۆ باشوری لوبنان به‌ڕێ بكه‌ن پاش ئه‌وه‌ی ئیسرائیل و حزبوڵـڵا به‌ڵێنیان داوه‌ سه‌لامه‌تیـیان بـپارێزن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاژانسـه‌كانی فریاگوزاری ده‌ڵێن كێشه‌یان له‌ گه‌یاندنی یارمه‌تیـیه‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و گوندانه‌ی چوارده‌وری گیراوه‌ و خه‌ڵـكه‌كه‌ی به‌ هۆی شه‌ڕه‌وه‌ گیریان خواردووه‌.

ڕێـكخراوی خۆراكی جیهانی ده‌شـڵێت ئیسرائیل ڕێـگا زامن ناكات بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تی بۆ شـارۆچـكه‌ی ڕمێش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی شـاری صوڕ.

ڕاپـۆرته‌ هه‌واڵـیـیه‌كانیش وا ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌‌ ئیسرائیل بڕیاری داوه‌ ڕێـگه‌ به‌ یارمه‌تیـیه‌ نێوده‌وڵه‌تیـیه‌كان بدات به‌ كه‌شـتی و له‌ ڕێـگه‌ی به‌نده‌ری به‌یروت بگاته‌ ئه‌و وڵاته‌.

ئه‌م ده‌زگا فریاگوزاریـیه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت به‌و هیوایه‌یه‌ ئه‌م كۆمه‌كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵـكه‌ ئاواره‌ و زیان لـێـكه‌وتووانه‌دا دابه‌ش بكرێت كه‌ له‌ ئاكامی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵـڵا بێ جێ و ڕێ بوون.

شـایانی باسه‌ زیاتر له‌ 700 هه‌زار لوبنانی به‌ هۆی ئه‌م شه‌ڕه‌وه‌ ئاواره‌ بوون.

XS
SM
MD
LG