Accessibility links

حزبوڵـڵا به‌ هاویشتنی ڕۆكێت بۆ قوڵایی ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات


سه‌رۆكی حزبوڵـڵا حه‌سه‌ن نه‌سروڵـڵا ده‌ڵێت له‌ قۆناغی داهاتوودا گروپه‌ چه‌كداره‌كه‌ی شـوێنی قوڵـتر له‌ ناوه‌ڕاستی ئیسرائیل ده‌كه‌نه‌ ئامانجی خۆیان.

ڕۆژی هه‌ینی، حزبوڵـڵا 50 ڕۆكێـتی گرتـۆته‌ ئیسرائیل.

نه‌سروڵـڵا له‌ به‌یانـنامه‌كه‌یدا كه‌ له‌ ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌لمه‌ناری حزبوڵـڵا بڵاو كرایه‌وه‌ گوتی ئیسرائیل به‌ ده‌ستی حزبوڵـڵا له‌ شه‌ڕه‌ زه‌میـنیـیه‌كه‌ی شـكسـتێـكی خراپی هێناوه‌.

نه‌سروڵـڵا ئه‌م قسـانه‌ی پاش ماوه‌یه‌كی كورت له‌ كشـانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌ شـارۆچـكه‌ی سنووری بنت جبه‌یل كرد. هه‌فته‌ی پـێشوو له‌شـكری ئیسرائیلی 9 له‌ سه‌ربازه‌كانی له‌ ده‌ست دا پـێش ئه‌وه‌ی كۆنتڕۆڵی ئه‌و شـارۆچكه‌یه‌ بكه‌ن.

هاوكات فڕۆكه‌ جه‌نـگیـیه‌كانی ئیسرائیل ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ بۆردومانـكردنی لوبنان به‌رده‌وام بوون. كاربه‌ده‌سـتانی لوبنانی ده‌ڵێن له‌ هێرشـێـكدا ژنێـك و به‌لایه‌نی كه‌م پـێـنج منداڵ كوژراون. حزبوڵـڵاش ڕۆكێتی زیاتری به‌ باكوری ئیسرائیله‌وه‌ ناوه‌.

له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دیكه‌دا، ئیسرائیل داوایه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی ڕه‌تـكرده‌وه‌ كه‌ بۆ ئاگربه‌سـتێـكی 72 كاتژمێری بوو تا ڕێـگه‌ به‌ ژن و منداڵان و كه‌سانی به‌ ته‌مه‌ن بدرێت له‌ شه‌ڕه‌كان ڕابكه‌ن و هه‌روه‌ها بواریش به‌ گه‌یاندنی یارمه‌تی مرۆیی بۆ ناو لوبنان بدرێت.

ئیسرائیل ده‌ڵێت ئه‌و له‌سه‌رانسه‌ری لوبناندا ڕێـگه‌ی كردۆته‌وه‌ بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تیـیه‌ مرۆیـیه‌كان به‌ڵام حزبوڵـڵا ڕێـگه‌ له‌ باره‌كان ده‌گرن به‌مه‌به‌ستی دروستـكردنی قه‌یرانێـكی مرۆیی.

ڕۆژی شه‌ممه‌، كه‌شـتیـیه‌كی ئه‌مریكی گه‌یشـته‌ به‌یروت به‌ یارمه‌تی و پـێداویستی بۆ سه‌دان هه‌زار كه‌س. ئاژانسی په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ ڕێـگه‌ی سوریاوه‌ كاروانی یه‌كه‌می باره‌كانی بۆ لوبنان ڕه‌وانه‌ ده‌كات.

ڕۆژی هه‌ینی حزبوڵـڵا ڕایگه‌یاند ڕۆكێتێـكی نوێی مه‌ودا درێژی به‌كار هێناوه‌ كه‌ به‌ ‌خه‌یبه‌ر1 ناسراوه‌.

هه‌ر ڕۆژی هه‌ینی چه‌ند ڕۆكێـتێـك له‌ نزیـك شارۆچـكه‌ی عافوله‌ كه‌وتووه‌، كه‌ نزیكه‌ی 50 كیلۆمه‌تر له‌ قوڵایی ئیسرائیلدایه‌، به‌ڵام هیچ زیانێـكی لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG