Accessibility links

مه‌سیحیـیه‌ عێراقیـیه‌كان له‌ شه‌ڕ ڕاده‌كه‌ن


سه‌ده‌ها سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر ئیمانداره‌ مه‌سـیحیـیه‌كان بیروباوه‌ڕی خۆیان هێنایه‌ به‌شه‌كانی كه‌له‌م سه‌رده‌می نوێـیه‌دا به‌ باكوری عێراق ده‌ناسرێت. كۆمه‌ڵـگا بچـوكه‌كه‌ی كه‌ زۆربه‌یان كلدانی كاثۆلیك و ئاشوریـیه‌كان بوون له‌ شاره‌كانی سه‌رانسه‌ری باكوردا زیایان كرد، هه‌روه‌ها له‌ گه‌ڕه‌كی دۆره‌ له‌ به‌غدا و له‌ باشور له‌ به‌نده‌ری شاری به‌سره‌دا.

ئه‌مڕۆ ژماره‌ی مه‌سـیحیـیه‌ عێراقیـیه‌كان به‌ له‌ سه‌دا دوو تا سێی نزیكه‌ی 27 ملیۆن كه‌سی دانیشـتوانی ئه‌و وڵاته‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێن.

له‌كاتێـكدا توندوتیژی له‌ نێو عه‌ره‌به‌ شـیعه‌ و سونیـیه‌كان زیای كردوه‌، كۆمه‌ڵـگای مه‌سیحی نه‌گرتبۆوه‌. هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی مه‌سیـحیـیه‌كان بوونه‌ته‌ قوربانی ئه‌و توندوتیژیـیه‌ی كه‌ هه‌ندێـكیان له‌ كرده‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی تیرۆردا و یاخود بوونه‌ته‌ ئامانج چونكه‌ موسڵمان نه‌بوون.

زۆربه‌یان له‌ پایته‌خته‌وه‌ هه‌ڵـهاتوون به‌ره‌و شارۆچـكه‌ی مه‌سیحی عه‌نكاوه‌ نزیك شاری هه‌ولێر له‌ هه‌رێمی كوردستان- عێراق.

یوسف كه‌ خاوه‌نی ڕێستورانتێـك بوو له‌ گه‌ڕه‌كی دۆره‌ له‌ به‌غدا ناچار بوو به‌هۆی توندوتیژیـیه‌كان هه‌ڵبێت و هه‌نووكه‌ وه‌ك پاسه‌وانی ئاسایشی كڵێسه‌ی عه‌نكاوه‌ كار ده‌كات.

یوسف ده‌ڵێت ڕێستورانته‌كه‌م به‌جێـهێشت و كوڕه‌كانم هێنایه‌ ئێره‌ چونكه‌ تیرۆریستان هه‌موو كه‌سـێـكیان ده‌كوشت ( ده‌لاك، نانه‌وا ، دوكانـنار ) بێ جیاوازی خه‌ڵـكی ده‌كوژن.

هه‌روه‌ها فارسیش كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی دۆره‌ له‌ به‌غدا ده‌ژیا كه‌ له‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ جێـی هێشـتووه‌ ده‌ڵێت ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می دراوسـێـكانی هێـشـتا له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌، ده‌شـڵێت ئه‌و جێـیهێشت چونكه‌ له‌سه‌ر ژیانی خۆی ده‌ترسا.

فارس ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر تۆ له‌ گه‌ڕه‌كێـكی شـیعه‌ بیت و ناسنامه‌كه‌ت بـبینن مه‌سـیحیت ئه‌وا به‌ لایه‌نی كه‌م جه‌فا ده‌كێشی یاخود به‌ئاسانی ده‌تـكوژن، له‌ ناوچه‌ سوونیـیه‌كانیش به‌هه‌مان شـێوه‌یه‌.

هه‌ندێ جار ئه‌وانه‌ی هه‌ڵـدێن دووچاری ناخۆشـترین ترس و تۆقاندن بووبوونه‌وه‌. كاردارێـك كه‌ به‌ فوئاد ده‌یناسێنین تا خۆی و خێزانه‌كه‌ی بـپارێزین، له‌ به‌غدا ڕفێندرابوو. له‌ باسی كاره‌ساته‌كه‌ی كه‌ به‌سه‌ری هاتبوو دوودڵ بوو، وه‌ گوتی من نامه‌وێت ئه‌وه‌ به‌بیر بـهێنمه‌وه‌، وازی لێ بهێنه‌. سوودی گێڕانه‌وه‌ی چـیـیه‌ ؟ هه‌موو ڕۆژێـك به‌ سه‌دان كه‌س له‌ به‌غدا ده‌ڕفێنرێن.

هه‌رچه‌نده‌ پاش هه‌ندێ هه‌وڵـدان به‌ ده‌نـگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند كه‌ چه‌كداران ڕفاندیان و بۆ ماوه‌ی پـێنج ڕۆژ گلیان دابۆوه‌. نه‌ی ده‌زانی به‌ره‌و كوێ بردبوویان چونكه‌ به‌ درێژایی كاته‌كه‌ سه‌ریان داپـۆشیبوو.

گوتیشی دوو ڕۆژی یه‌كه‌می له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه‌ ده‌یكوژن. له‌ كۆتایـیدا خێزانه‌كه‌ی بڕی 170 هه‌زار دۆلاریان داوه‌ به‌ ڕفێنده‌ران له‌ بری گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ سه‌لامه‌تی.

به‌ڵام قه‌شه‌ تاریق له‌ كڵـێـسای سانت جۆرج له‌ عه‌نكاوه‌ ده‌ڵێت نه‌ك هه‌ر ته‌نها مه‌سیـحیـیه‌كانی به‌غدا له‌ توندوتیژیـیه‌كان هه‌ڵـهاتوون.

قه‌شه‌ تاریق ده‌ڵێت نزیكه‌ی 700 خێزان له‌ به‌سره‌ و موسڵ و كه‌ركوك و به‌غداوه‌ هاتوونه‌ته‌ كوردستانه‌وه‌.

سـالی، مه‌سیحیـیه‌كی شـاری كه‌ركوكه‌، نزیكه‌ی سـاڵێـك له‌مه‌وبه‌ر شـاره‌كه‌ی جێهێشـتووه‌ و هاتۆته‌ عه‌نكاوه‌. سـالی ده‌ڵێت بارودۆخ له‌ كه‌ركوك زۆر خراپه‌، بۆمب و ته‌قینه‌وه‌ و ڕفاندنی تیادا ڕوو ده‌دات.

ڕاندا، ئه‌ویش خه‌ڵـكی شاری كه‌ركوكه‌، له‌ كڵێسه‌یه‌كی ئه‌و شاره‌ كاری ده‌كرد، به‌ڵام له‌ دوو مانـگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ هه‌ڵـهاتووه‌، ده‌ڵێت هێرشبه‌ره‌ خۆكوژه‌كان له‌ ڕۆژێـكدا به‌ ئۆتۆمبیل په‌لاماری سێ كڵـێـسه‌یان دا، ئه‌وه‌ زۆر ترسـناك بوو، و ئێمه‌ش ترساین، بۆیه‌ كار و ماڵه‌كه‌شم جێـهێشت.

شـایانی باسه‌، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌ڵـهاتوون ده‌ڵێن ئومێده‌وارن بتوانن له‌ ماوه‌ی سـاڵێـك یان دووان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان. به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ ده‌ڵێن له‌ ناوچه‌ی مه‌سیحیـیه‌كانی باكوردا ده‌مێننه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG