Accessibility links

شاندێکی کۆنگرسی ئه‌مریکی سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانی عێراقیان کرد

  • Margaret Basheer

پێنج ئه‌ندامی کۆنگرسی ئه‌مریکی کۆتاییان به ‌گه‌شتێکی دوو ڕۆژی له عێراق هێنا. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ یاسادانه‌ره‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ سه‌ردانی به‌غدایان کرد و له‌وێ له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی باڵای عێراقیدا کۆبونه‌وه‌ و سه‌ردانی سه‌ربازه‌ ئه‌مریکیه‌کانیان کرد. گه‌شته‌که‌یان له‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌‌دا به‌رده‌وام بوو و به‌ره‌و ناوچه‌ی کوردستان له باکوری عێراق ڕۆیشتن و له‌وێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نه‌چیرڤان بارزانی و کاربه‌ده‌ستانی باڵای تردا کۆبونه‌وه‌.

یاسادانه‌ری کۆماری پێته‌ر هۆوکسترا ی سه‌ر به‌ ویلایه‌تی میشیگان‌ به‌ ده‌نگی ئه‌مریکای ڕاگه‌یاند که‌وا سه‌ربازه‌ ئه‌مریکیه‌کان له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا گروپ گروپ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ووڵات، به‌ڵام ژماره‌یه‌کیشیان ده‌مێننه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌و کاته‌ی کاره‌کان ته‌واو ده‌کرێن. هه‌روه‌ها گوتی ئه‌و په‌یامه‌ی له‌ میانه‌ی گه‌شته‌که‌دا شانده‌که‌مان بیستی ئه‌وه‌بوو که‌ " سه‌ربازه‌کان به‌ره‌وپێشچوونێکی دیارییان به‌ ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام ‌له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانیت ئێستا ناوچه‌که‌ جێهێڵیت. پێویسته‌ زه‌مینه‌یه‌ک بۆ گه‌لی عێراقی خۆش بکرێت تاوه‌کو سه‌رکه‌وتوو ببن و داهاتووی خۆیان دیاری بکه‌ن.
"

هۆوکێسترا باوه‌ڕیشی وابوو که‌ حکومه‌تی نوێی عێراقی به‌و په‌ڕی توانایه‌وه‌ کار بۆ چاککردنی ڕه‌وشی ئاسایشی ووڵات ده‌کات تاوه‌کو له‌ ڕووی ئابوری و سیاسیشه‌وه‌ سه‌رکه‌وتن به‌ ده‌ست بهێنێت.

جێی باسه‌، ئه‌مه‌ بۆ دووهه‌م جاره‌ شاندێکی کۆنگرس سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکات. کۆنگرسمانی کۆماری کرستۆفه‌ر شایس ی ویلایه‌تی کۆنێکتیکه‌ت گوتی هه‌ندێ له ناوچه‌کانی عێراق زیاترێک له ناوچه‌کانی دیکه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوون.

کریستۆفه‌ر شایس گوتی " له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی عێراق، به‌ره‌و پێشچوونێکی زیاتر به‌دی ده‌که‌ین چونکه‌ ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌وان بۆ 12 ساڵ ده‌بێت خۆیان کاروباری خۆیان ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌ ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می سه‌دام حوسه‌ین‌یشدا پاش ئه‌وه‌ی له‌ ژێر کۆنترۆڵی نه‌مان، توانیان پێش بکه‌ون و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆن. به‌ڵام کورده‌کان به‌شێکی ته‌واوکه‌رن له‌ ته‌واوکردنی کاره‌کاندا."

‌ ئه‌م شانده‌ی کۆنگرس به‌ره‌و واشنتۆن گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و بڕیاره ‌له 25 مانگی حه‌وت‌دا، سه‌رۆک وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالکی و سه‌رۆک بوش کۆببنه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG