سه‌رۆک بوش له ڕووسیایه به مه‌به‌ستی به‌شداریکردن له کۆبونه‌وه‌ی گروپی هه‌شت ووڵاتی ده‌سه‌ڵاتداری پیشه‌سازی جیهان. سه‌رۆک بوش ده‌ڵێت به نیازه له میانه‌ی ووتوێژه تایبه‌ته‌کانیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ڕووسی ڤلادمیر پوتن ووتوێژ باس له کێشه‌کانی ئازادی ڕاگه‌یاندن و دیموکراسی له ڕووسیادا بکه‌ن.
سه‌رۆک و خانم بوش له ده‌ستپێکی سه‌ردانه‌که‌یاندا له سه‌ینت پیته‌رسبێرگ ده‌سته گوڵی ڕێز لێنانیان له‌سه‌ر مۆنه‌مێنتی ئه‌و قوربانیانه دانا که له میانه‌ی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا و له کاتی گه‌مارۆدانه 900 ڕۆژییه‌که‌ی نازییه‌کاندا گیانیان له ده‌ستدابوو.
به‌ڕێز بوش له پاشدا به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ چالاکیخوازه‌کانی مافی مرۆڤی و ژینگه‌دا کۆبۆته‌وه و گوێی له نیگه‌رانیه‌کانیان له به‌رامبه‌ر ئازادییه سیڤیڵیه‌کان له ڕووسیا گرت.
سه‌رۆک بوش گوتی" من دڵنیام کردونه‌ته‌وه که‌وا ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا گوێ به شێوازی حکومه‌تی ڕووسی ده‌دات و ئێمه باوه‌ڕمان به نرخه دیموکراسیه‌کان هه‌یه و باوه‌ڕمان به حوکمی یاسا هه‌یه. هه‌روه‌هاش باوه‌ڕمان به مافه‌کانی مرۆڤ هه‌یه و پێمان وایه که هه‌موو که‌س مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به یه‌کسانی ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵدا بکرێت."
به‌ڕێز بوش گوتی ئامۆژگاری سه‌رۆک پوتن ناکات له مه‌سه‌له‌کانی مافی مرۆڤ و دیموکراسیدا، به‌ڵکو سوور ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕی به بوونی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی چالاک و ڕێکخراوه‌ی ناحکومی هه‌یه و ده‌بێت ڕێگه به کارکردنیان بدرێت بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست بوه‌ردرێته ناو ئیش و کاره‌کانیان.
سه‌رۆک بوش ده‌ڵێت ڕێبه‌ری ڕووسی هاوڕێیه‌تی و ئه‌و په‌یامانه‌ی پێ ده‌گه‌یه‌نێت که چالاکی خوازه‌کان پێیان ڕاگه‌یاندووه