Accessibility links

وڵاته‌ مه‌زنه‌كان له‌سه‌ر ڕه‌وانه‌كردنی ئێران بۆ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ڕێـكده‌كه‌ون


وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی شه‌ش وڵاتی مه‌زنی جیهان ڕێـكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جارێـكی دیكه‌ ئێران ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن‌ به‌ هۆی به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌یه‌وه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا فیلیپ دۆستێ بلازێ ڕایگه‌یاند كه‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ خۆی و هاوكاره‌كانی له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ڕوسیا و چین و به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا گه‌یشتنه‌ ئه‌و ڕێـكه‌وتنـنامه‌یه‌ له‌ پاریس.

دۆستێ بلازێ گوتی ئێران هیچ ئاماژه‌یه‌كی نه‌داوه‌ بۆ ئاماده‌بوونی له‌ وتووێژكردن له‌سه‌ر پـێـشـنیاری نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دابینـكردنی متمانه‌یی، ئه‌گه‌ر هاتوو تاران پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت. گوتیشی وڵاتانی شه‌ش قۆڵی كار له‌سه‌ر بڕیارێـكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كه‌ن كه‌ تاران ناچار بكات كاره‌كانی پـیتاندن ڕابگرێت، وه‌ ئاماژه‌شی دا كه‌ ڕه‌نـگه‌ ئه‌و پـرۆسه‌یه‌ سزادانی لێ بـكه‌وێته‌وه‌.

شـایانی باسه‌، به‌ر له‌ وتووێژه‌كانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، كۆنده‌لیزا ڕایس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ تاران وه‌ڵامێـكی ناته‌واوی پـێشـنیاری نێونه‌ته‌وه‌یی داوه‌ته‌وه‌. وه‌ وتووێژكه‌ری ناوه‌كی تاران ڕۆژی سـێـشه‌ممه‌ به‌ سه‌رۆكی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا خافێر سـۆلانای ڕاگه‌یاندبوو كه‌ پـێویسـتیان به‌ مۆڵه‌تی زیاتر هه‌یه‌.

XS
SM
MD
LG