Accessibility links

ڕووداوه‌ توندوتیژییه‌كانی عێراق بۆته‌ هۆی كوشتنی 18 كه‌س


پۆلیسی عێراقی ده‌ڵێن له ناوچه‌یه‌كی زۆرینه‌ی سونه‌كان له‌ به‌غدا، چه‌كداران 7 كه‌سیان له‌ ناو پاسێكدا كوشتووه‌. پێشتریش دوو ئۆتۆمبیلی بۆمب چێنراو له‌ ناوچه‌یه‌كی زۆرینه‌ی شیعه‌كان له‌ به‌غدا ته‌قیه‌وه‌ و بووه ‌هۆی كوشتنی به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 8 كه‌س.

پۆلیس ده‌ڵێت ژنێك له‌ نێو قوربانیه‌كانی ئه‌و پاسه‌دا بووه‌ كه‌ له ناوچه‌ی عامرییه‌ له به‌غدا هێرشی كرابۆوه سه‌ر. چه‌كداران هێرشیان كرده‌ سه‌ر ئه‌و پاسه‌ پاش ئه‌وه‌ له گه‌ڕه‌كی مه‌دینه‌ت ئه‌لسه‌در دوو ئۆتۆمبیل ته‌قیه‌وه. هه‌روه‌هاش له ناوه‌ندی به‌غدا ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك بۆته ‌هۆی كوشتنی سێ كه‌س.

ئه‌م هێرشانه ‌دوایترین زنجیره‌كانی ئه‌و ڕووداوه‌ توندوتیژییانه‌ن كه له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه‌ بۆته‌ هۆی كوشتنی به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 60 كه‌س. له واشنتۆنی پایته‌ختیش، ووته‌بێژی كۆشكی سپی گوتویه‌تی ئه‌و هێرشانه‌ ڕه‌وا نین و ناتوانرێت قبوڵ بكرێن.

له شاری كه‌ركوكی باكوری عێراقیش ئه‌مرۆ دووشه‌ممه، هێرشبه‌رێكی خۆكوژ به‌ خۆیی و كه‌میونه‌كه‌یه‌وه‌ خۆی كێشاوه‌ به‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌و شاره‌دا و له ئاكامدا به لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 3 كه‌س كوژراون و 8 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

له لایه‌كی دیكه‌ش، پارێزه‌رانی به‌رگری سه‌دام حوسه‌ین مشتومڕی كۆتایی خۆیان پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام سه‌دام حوسه‌ین ئاماده‌ی دانیشتنی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی دادگا نه‌بوو.

پارێزه‌ره‌كانی سه‌دام گوتیان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دادگا هه‌تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی داخوازییه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كرێت وه‌ك دابین كردنی ئاسایش و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر كوشتنی ئه‌و پارێزه‌ره‌ی كه له مانگی ڕابوردوودا كوژرا.

XS
SM
MD
LG