هندستان موشه‌کی مه‌ودا درێژی ناوه‌کی به توانای تاقیکردۆته‌وه. کاربه‌ده‌ستانی به‌رگری له هندستان ده‌ڵێن موشه‌کی ئاگنی 3 ڕۆژی یه‌کشه‌ممه له دوورگه‌ی ئۆریسای ڕۆژهه‌ڵاتی هندستان تاقیکرایه‌وه. ووشه‌ی ئاگنی به هندی مانای " ئاگر" ه.
ئه‌و موشه‌که ده‌توانێت سه‌ره موشه‌کی ناوه‌کی هه‌ڵبگرێت و توانای بڕینی مه‌ودای سێ هه‌زار کیلۆ مه‌تری هه‌یه. ئه‌و کاربه‌ده‌ستانه‌ش که ناسنامه‌ی خۆیان ئاشکرا نه‌کردووه گوتویانه تاقیکردنه‌وه‌که سه‌رکه‌وتوو بووه.
ئوده‌ی بهاسکار جێگری سه‌رۆکی ئینستیوتی توێژینه‌وه به‌رگرییه‌کان گوتویه‌تی ئاگنی 3 توانای ستراتیژی هندستان گه‌شه پێ ده‌کات. هه‌روه‌ها گوتویه‌تی " ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه باوه‌ڕ و متمانه بۆ سیسته‌می موشه‌کی هندستان په‌یدا ده‌کات.."
هندستان له ساڵی 1998 دا ده‌ستی به تاقیکردنه‌وه‌ی موشه‌کی کردووه و له‌و کاته‌وه زنجیره‌یه‌ک تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه. زۆربه‌ی ئه‌و موشه‌کانه‌ش که تاوه‌کو ئێستا تاقی کردونه‌ته‌وه توانای گه‌یشتن به شاره‌کانی پاکستانیان هه‌یه و ئاگنی 3 توانای گه‌یشتنی بۆ ناو چین هه‌یه.
جێی باسه، تاقیکردنه‌وه‌ی موشه‌کی ئاگنی 3 له چه‌ند ڕۆژێک پاش تاقیکردنه‌وه موشه‌کیه‌کانی کۆریای باکور دێت که بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانێکی نێونه‌ته‌وه‌یی. به‌ڕێز بهاسکار گوتویه‌تی ئه‌و باوه‌ڕی وانیه که تاقیکردنه‌وه‌کانی هندستان هه‌مان نیگه‌رانی په‌یدا بکات.