Accessibility links

ئۆڵمه‌رت هه‌ڕه‌شه‌ له‌وانه‌ ده‌كات كه‌ به‌شـداریـیان له‌ به‌دیلگرتنی سه‌ربازه‌ ئیسرائیلـیـیه‌كه‌ كردووه‌


سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیلی، ئێهۆد ئۆڵمه‌رت هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز له‌ دژی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی داوه‌ كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی.

ڕۆژی سـێشه‌ممه‌، به‌ڕێز ئۆڵمه‌رت ئه‌م گوتانه‌ی له‌شاری سدێرۆت ڕاگه‌یاند، ئه‌و شاره‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابوردوودا له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌وه‌ موشه‌ك باران ده‌كرا. هه‌روه‌ها تـێـبینی‌یه‌كانی ئه‌مڕۆی سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیلی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ تـێـپه‌ڕبوونی دوا مۆڵه‌تی میلیشـیا فه‌له‌ستـینیـیه‌كان كه‌ دابوویانه‌ ئیسرائیل له‌باره‌ی ئازادكردنی گیراوه‌ فه‌له‌سـتینیـیه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی سه‌ربازێـكی به‌دیلگیراوی ئیسرائیلی.

سه‌باره‌ت به‌ داواكاری میلیشـیا فه‌له‌سـتینیـیه‌كان ڕابه‌ری ئیسرائیلی ده‌ڵێت وڵاته‌كه‌ی چۆك بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشـیاكان دانادات و ده‌شـزانین كه‌ی گورزی گورچـك بڕ ده‌وه‌شـێنین.

كاربه‌ده‌ستانی ئیسرائیلی ڕابه‌رانی سوریا و گروپی حه‌ماس به‌كاری به‌دیلگرتنی سه‌ربازه‌ ئیسرائیلیـیه‌كه‌ به‌رپـرسـیار ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ فڕۆكه‌ جه‌نـگیـیه‌كانی ئیسرائیل له‌ هه‌فته‌ی ڕابوردوودا به‌نزمی به‌سه‌ر كۆشـكی هاوینه‌یی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا ده‌خولایه‌وه‌.

شـایانی باسه‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی دوا مۆڵه‌تی میلیشـیاكانی فه‌له‌سـتینی سه‌باره‌ت به‌ داواكاریـیه‌كه‌یان له‌ ئیسرائیل، گوته‌بێژی گروپی حه‌ماس گوتی ڕێـكخراوی ناوبراو له‌ وتووێژه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كه‌ كشـاوه‌ته‌وه‌ و وتووێژه‌كه‌ش له‌ لایه‌ن میسره‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر كراوه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئیسماعیل هه‌نیـیه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری فه‌له‌سـتینی ده‌ڵێت حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ پـێناو چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا ڕێبازی وتووێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌تانی عه‌ره‌بیدا ده‌گرێته‌ به‌ر.

XS
SM
MD
LG