Accessibility links

شاندێـكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ ڕابه‌ره‌ ئیسلامیـیه‌كانی سۆماڵ كۆده‌بێته‌وه‌


بۆ یه‌كه‌م جار نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ ڕه‌سمی په‌یوه‌ندی به‌ پـیاوانی ئاینی ئیسلامی كردووه‌ كه‌ زۆربه‌ی باشوری سۆماڵیان له‌ ژێر ده‌ستدایه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌، شاندێـكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ مه‌قادیشۆی پایته‌ختی سۆماڵ وتووێژیان له‌گه‌ڵ به‌رپـرسـانی باڵای ئه‌نجومه‌نی دادی ئیسلامی سۆماڵ كردووه‌.

به‌رپـرسـانی ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی ده‌ڵێن ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی وتووێژه‌كان باری ئاسایش بوو له‌ مه‌قادیشۆ.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش، سه‌رۆك وه‌زیری سۆماڵ گوتی ئوسامه‌ بن لادنی ڕابه‌ری تۆڕی تیرۆركاری ئه‌لقاعیده‌ كارگێڕانی له‌ نێو سـۆماڵدا هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت ئاژاوه‌ و بێ سه‌ر و به‌ری زیاتر له‌ سـۆماڵدا بنێـته‌وه‌.

ئه‌م تومه‌تباركردنه‌ی عه‌لی محه‌مه‌د گه‌دی، سه‌رۆك وه‌زیری سۆمال له‌ دره‌نگ كاتێـكی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، ئه‌مه‌ش به‌ ڕۆژێـك له‌ دوای ئه‌و شـریته‌ ده‌نـگیـیه‌ بوو كه‌ بڕوا ده‌كرێت له‌ لایه‌ن ئوسامه‌وه‌ ده‌ركرابێت كه‌ تیایدا وڵاتان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی سوپای خۆیان بۆ سۆماڵ نه‌نێرن.

له‌ میانه‌ی گوته‌كانی بۆ په‌یامنێران سه‌رۆك وه‌زیری سـۆماڵی گوتی ئوسامه‌ بن لادن ڕابه‌ری ئیسلام نیـیه‌ و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سۆماڵدا نیـیه‌.

شـایانی باسه‌ كابینه‌ی حكومه‌تی كاتی سه‌رۆك وه‌زیر ده‌سه‌ڵاتێـكی كه‌می له‌ ده‌ره‌وه‌ی بـنكه‌ی خۆی له‌شـاری بایدوای سۆماڵیدا هه‌یه‌.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌، ڕابه‌ری دادگاكانی ئیسلامی له‌ سـۆماڵ شێخ شه‌ریف ئه‌حمه‌د نه‌بوونی په‌یوه‌ندی گروپه‌كه‌ی به‌ ئوسامه‌ بن لادنه‌وه‌ ڕاگه‌یاند و گوتی هه‌روه‌ك هه‌موو كه‌سـایه‌تیـیه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی ئوسامه‌ بن لادنیش گوزارش له‌ ڕاوبۆچوونی خۆی ده‌كات نه‌ك دیدوبۆچوونی ئێمه‌.

XS
SM
MD
LG