Accessibility links

میلیتانه‌ فه‌له‌سـتینیـیه‌كان له‌ ئیسرائیل ده‌خوازن زیندانیـیه‌كان به‌ڕه‌ڵا بكات


گروپه‌ میلیشـیا فه‌له‌سـتـینیـیه‌كان داوا له‌ ئیسرائیل ده‌كه‌ن هه‌موو ئه‌و ژنه‌ فه‌له‌سـتـیـنیـیانه‌ی ته‌مه‌نـیان له‌ ژێر هه‌ژده‌ سـاڵه‌وه‌یه‌ و له‌ زیندان دان ئازادیان بكه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی زانیاری په‌یوه‌ست به‌ سه‌ربازه‌ ئیسرائـیلیـیه‌ ڕفێندراوه‌كه‌وه‌ بده‌ن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ كۆمیته‌كانی به‌رگری میللی فه‌له‌سـتینی ده‌ڵێن باڵی سه‌ربازی حه‌ماس و سوپای ئیسـلامی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ به‌یانـنامه‌یه‌كدا ئه‌و داوایه‌یان ڕاگه‌یاندووه‌.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیلی ئێهود ئۆڵمه‌رت ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ میانه‌ی گوته‌كانی بۆ گه‌وره‌ بازرگانان له‌ ئۆرشه‌لیم گوتی به‌ هیچ جۆرێـك ده‌ست له‌و كه‌سانه‌ ناپارێزین كه‌ ئه‌و سه‌ربازه‌ ئیسرائیلیـیه‌یان ڕفاندووه‌. هه‌روه‌ها گوتیشی سه‌رجه‌م ڕێبه‌رانی فه‌له‌سـتینی به‌رپـرسـیارن له‌ پاراسـتنی گیانی ئه‌و سه‌ربازه‌ لاوه‌.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ شه‌و‌ی یه‌كشه‌ممه‌ش كابینه‌ی ئاسایشی ئیسـرائیلی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ته‌نگه‌تاوی به‌ست و ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی له‌شـكری تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یان له‌ دژی میلیشـیا فه‌له‌سـتینیـیه‌كان له‌ غه‌ززه‌ په‌سه‌ند كرد.

هاوكات كابینه‌ی ناوبراو كرده‌ی له‌شـكری ڕاگرتووه‌ و پـێـشه‌كی هه‌وڵی چاره‌سه‌ری دیبلۆماسی بۆ ئازادكردنی سه‌ربازه‌كه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر.

شـایانی باسه‌ لـێـپـرسـراوانی فه‌له‌سـتیـنی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕایانگه‌یاند و گوتیان هه‌وڵی خۆیان له‌ پـێـناو دۆزینه‌وه‌ی سه‌ربازه‌ ئیسرائیلیـیه‌كه‌ خسـتۆته‌ گه‌ڕ.

هاوكات باوانی سه‌ربازه‌ ئیسرائیلیـیه‌ ڕفێندراوه‌كه‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یان به‌ سه‌لامه‌تی ده‌كه‌ن.

XS
SM
MD
LG