Accessibility links

سه‌رۆك بوش سـتایشی دیموكراسی هه‌نـگاریـیه‌كان ده‌كات

  • Paula Wolfson

سه‌رۆك بوش له‌ به‌رزایی گردێـكی مێژویی له‌ بوداپـێـستی پایته‌خت ، قسه‌ی بۆ گه‌لی هه‌نـگاری كرد، گوتی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی سـاڵی 1956 ی هه‌نـگاریـیه‌كان له‌ دژی كۆمۆنیست وانه‌یه‌كی به‌ جیهان دا.

سه‌رۆك بوش گوتاره‌كه‌ی له‌ سه‌ر گردی گه‌ڵه‌رت پـێـشـكه‌ش كرد كه‌ ده‌ڕوانێ به‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی بوداپـێـست و ئاوی ڕوباری دانیوبدا.

له‌ ده‌می خۆئاماده‌كردندا بۆ قسه‌كردن ده‌نـگدانه‌وه‌ی ڕۆژێـكی پـێش نزیكه‌ی په‌نجا سـاڵ له‌مه‌وبه‌ردا هات كه‌ به‌ هیوا ده‌سـتیـپـێـكرد و به‌ خوێنڕشـتن كۆتایی هات.

ڕۆژی 4 ی مانگی یانزه‌ی سـاڵی 1956 تانـكه‌كانی سـۆڤێت په‌لاماری بوداپـێسـتیان دا بۆ له‌ناوبردنی سه‌رهه‌ڵدانه‌ میلیـیه‌كه‌ی كه‌ دژی كۆمۆنیزم بوو، كه‌ ته‌نها چه‌ند ڕۆژێـك پـێـشـتر ده‌ستی پـێـكردبوو. ڕۆژی 23 ی ده‌ی هه‌مان سـاڵ سه‌رۆك وه‌زیر ئمری ناجی چووه‌ سه‌ر ڕادیۆ بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هێرشه‌ بۆ سه‌ر شـۆڕشـه‌ كورت خایه‌نه‌كه‌ی هه‌نـگاریا.

سـۆڤێت به‌ خومـپاره‌ بۆردومانی ئامانج و نیشـانه‌كانی ناو بوداپـێستی كرد له‌ قه‌ڵای سه‌ر گردی گه‌ڵه‌رت كه‌ دوور نه‌بوو له‌و شـوێنه‌ی سه‌رۆك بوش كه‌ گوتاره‌كه‌ی لێ پـێـشـكه‌ش ده‌كرد.

سه‌رۆك بوش گوتی" په‌نجا سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌توانیت بـبـینیت كه‌ چـۆن مێژوو له‌سه‌ر ئه‌م گرده‌ ده‌نووسـرایه‌وه‌. گه‌لی هه‌نـگاریا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له‌ شـه‌قامه‌كانی خوار ئه‌م گرده‌وه‌ ڕاگه‌یاند و له‌شـكری سوور ئه‌و خواسته‌یانی له‌ ناوبرد. ئه‌وان ڕاپه‌ڕینی هه‌نـگاریـیه‌كانیان سه‌ركوت كرد، به‌ڵام نه‌ك تینوێـتی هاوڵاتیـیانی هه‌نـگاری بۆ ئازادی."

له‌و كاته‌دا ڕۆژئاوا به‌ته‌نگ داوای هه‌نـگاریـیه‌كان بۆ یارمه‌تیـدانیان نه‌چوون، وه‌ سه‌رۆك بوش گوتی لێره‌وه‌ وانه‌یه‌ك فـێربوون كه‌ ئه‌وه‌ی ئازاده‌ ده‌بێت كۆمه‌كی ئه‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌وڵی ئازادی ده‌ده‌ن. گوتیشی هه‌نـگاریـیه‌كان كه‌ له‌سـاڵی 1956 دا قوربانیـیه‌كی زۆریان داوه‌، نمونه‌یه‌كه‌ بۆ جیهان.

سه‌رۆك بوش گوتیشی وه‌ك ده‌زانن كاروانی دیموكراسی ئه‌ركێـكی سـانا نیـیه‌، به‌ڵام ئێوه‌ درێژه‌ به‌ بڕیاردانی سه‌خت كه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی پـێویسته‌ ده‌ده‌ن.

سه‌رۆك بوش ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ هه‌نـگاریا له‌ كۆتایی هه‌شـتاكاندا بووه‌ یه‌كه‌م وڵاتی كۆمۆنیسـتی له‌ ئه‌وروپا دیموكراسی له‌ ئامێز بگرێت. یارمه‌تی له‌ به‌ڵقاندا دا و له‌ ئه‌فغانسـتان و هه‌روه‌ها له‌ عێراقیش. گوتیشی ته‌نها هه‌نـگاریـیه‌كان ده‌زانن چ سه‌ختیـیه‌ك ڕووبه‌ڕووی سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالكی ده‌بێـته‌وه‌.

سه‌رۆك بوش گوتی" تا ئێسـتا دیموكراسی سـاوای عێراق ڕووبه‌ڕووی دوژمنانی كۆڵنه‌ده‌ر ده‌بـێـته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ پـێـناو ڕاگرتنی ڕه‌وتی ئازادیـدا په‌نا بۆ توندوتیژی و دڕنـده‌یی ده‌به‌ن، ئینجا به‌زاندنی ئه‌و دوژمنـنانه‌ پـێویستی به‌ قوربانی و پـشـوودرێژی ده‌بێت له‌ وێنه‌ی ئه‌و پـشـوو درێژیـیه‌ی خه‌ڵـكانی ڕه‌سه‌نی هه‌نـگاری له‌ دوای سـاڵی 1956 پـیـشـانیان دا.

ئه‌م گوتاره‌ی سه‌رۆك بوش دوا كارنامه‌ی سه‌ردانه‌ كورته‌كه‌ی بوو بۆ ئه‌وروپا. یه‌كه‌م وێزگه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌شی ڤـیه‌نـنا بوو بۆ به‌شـداریـكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ لوتـكه‌یـیه‌كه‌ی ڕێبه‌رانی یه‌كێتی ئه‌وروپادا كه‌ به‌شـێوه‌یه‌كی گـشـتی سه‌نـگی خرابۆوه‌ سه‌ر ئێران و بازرگانی و مه‌سه‌له‌كانی تایبه‌ت به‌ وزه‌ و هه‌روه‌هاش چاره‌نووسی گرتووخانه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ گوانتانامۆ به‌ی كیوبا.

XS
SM
MD
LG