Accessibility links

ئه‌مریکا خوازیاره‌ ئێران به ‌زووترین کات وه‌ڵامی پێشنیاره‌کان بداته‌وه‌


کاربه‌ده‌ستێکی باڵای ئه‌مریکی بانگه‌شه‌ی ئێرانی کردووه‌ به ‌خێرایی وه‌ڵامی ئه‌و پێشنیارانه‌ بداته‌وه‌ که به‌ ئامانجی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ناوه‌کی تاران ئاڕاسته‌ی کراوه‌.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ووڵاته ‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ستێفن هه‌یدڵی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ گوتی واشنتۆن خوازیاره‌ پێش 29 ی مانگی شه‌ش وه‌ڵامی ده‌ست بکه‌وێته‌وه‌ واتا پێش ئه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتانی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌روه‌کو بڕیاره‌ له مۆسکۆ کۆببنه‌وه‌.

کۆفی ئه‌نانی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش پاش کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی مه‌نوچێر موته‌کی له جنێف گوتی ئێران به‌ جدییه‌وه‌ بیر له‌ پێشنیاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌که‌ ده‌کاته‌وه‌.

سه‌رۆکی ئێرانی مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی نژادیش ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ گوتی تاران تاوه‌کو 22 ی مانگی هه‌شت وه‌ڵامی ئه‌و پێشنیاره‌ ده‌داته‌وه‌ که له پاشدا سه‌رۆک بوش" به‌ کاتێکی زۆر زۆری" له‌ قه‌ڵه‌مدا.

هاوکات، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتالی مه‌سیمۆ دی ئالیمه‌ که له‌ رۆما له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیدا کۆبۆته‌وه‌ گوتویه‌تی ئه‌و پێی وانیه‌ ئێران چه‌کی ناوه‌کی دروست بکات.

هه‌ر ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، سه‌رۆک بوش جارێکی دیکه‌ به‌ڵێنی دایه‌وه‌ به‌وه‌ی ئاماده‌یه‌ به‌شداری ووتوێژی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ کێشه‌ی ئێران بکات ئه‌گه‌ر هاتوو له پێشدا چالاکیه‌کانی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرن.

XS
SM
MD
LG