Accessibility links

له باكوری به‌غدا 80 كارمه‌ندی كارگه‌یه‌ك ڕفێندراون


له شاری تاجی باكوری به‌غدا به‌ لایه‌‌نی كه‌مه‌وه‌ 80 كارمه‌ندی كارگه‌یه‌كی عێراقی ڕفێندراون

كاربه‌ده‌ستانی ئاسایش ده‌ڵین ئه‌و كارمه‌ندانه كه كار بۆ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی ده‌كه‌ن له كاتی ڕۆیشتنه‌وه‌یاندا بۆ ماڵه‌وه، ڕۆژی چوارشه‌ممه ‌له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك چه‌كدار له سێ ئۆتۆمبیلی جودا‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر ئه‌و پاسه‌ی كه ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی ده‌گواسته‌وه‌.

هه‌ر له به‌غدا، ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێك له‌گه‌ڕه‌كی سه‌دری شیعه ئاینزاكان بۆته ‌هۆی كوشتنی 2 كه‌س.

هه‌روه‌هاش هێرشبه‌رێكی نه‌ناسراو یه‌كێك له پارێزه‌ره‌ باڵاكانی سه‌دام حوسه‌ینی كوشتووه‌ و هێزی پۆلیس ده‌ڵێن ته‌رمی خه‌میس ئه‌لعوبه‌یدی له به‌غدا دۆزراوه‌ته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی له ماڵه‌كه‌ی خۆی ڕفێندرا. عوبه‌یدی سێهه‌م ئه‌ندامی تیمی به‌رگری سه‌دام حوسه‌ینه كه‌ له دوای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی دادگایی كردنه‌كه‌وه له مانگی 10 ی ڕابردووه‌وه كوژرابێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌، له‌ ‌شكری ئه‌مریكی ده‌ڵێت سه‌ربازه ‌عێراقیه‌كان ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ یاخیبوییه‌كی باڵایان له به‌غدا ده‌ستگیركردووه‌.

كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكی ده‌ڵێن ئه‌و یاخیبووه‌ گومانلێكراوه‌ به‌ ناوی نوری ئه‌بو حه‌یده‌ر ئه‌لعوقابی ڕێبه‌رایه‌تی شانه‌یه‌كی پیاوكوژان بووه‌ كه به‌رپرسی كوشتنی 14 سه‌ربازی عێراقی له مانگی ڕابردوودا بوون.

ئه‌ندامانی هێزی هاوپه‌یمانانی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریكا له عێراق له میانه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا ئامۆژگارییان به ‌سه‌ربازه‌ عێراقیه‌كان داوه‌.

به‌یاننامه‌یه‌كی له‌شكری ده‌شڵێت عوقابی له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا بووه‌ سه‌رۆكی كۆمیته‌ی سزاكان كه‌ گروپێكن له لایه‌ن یاخیبوانه‌وه‌ پێكهێنراوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی نایاسایی سزای خه‌ڵك ده‌ده‌ن.

هاوكات، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا بانگه‌شه‌ی ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارییه‌ عێراقیه‌ی كردووه‌ كه ژیانی چوار كارمه‌ندی باڵیۆزخانه‌كه‌یان ڕزگار بكه‌ن كه له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ له به‌غدا ڕفێندراون.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، گروپێكی سه‌ر به ‌ئه‌لقاعیده‌ ڕایگه‌یاندووه كه‌وا ئه‌و ڕووسیانه‌ ده‌كوژن به‌هۆی ئه‌وه‌ی مۆسكۆ ڕازی نه‌بووه‌ به‌ كشانه‌وه له چه‌چنیا. ئه‌مه‌ش به ‌پێی ڕاگه‌یاندنێكی ئه‌نجومه‌نی شورای موجاهدین كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئینته‌رنێت ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌یانداوه‌.

XS
SM
MD
LG