Accessibility links

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق: ئاسایش له‌ پـێشه‌وه‌ی بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گرنـگه‌كانی عێراق دێت


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ڵێت كوژرانی ئه‌بو موسـعه‌ب ئه‌لزه‌رقاوی و پـێـكهێنانی حكومه‌تی یه‌كگرتووی نوێ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ به‌ره‌و پـێشـچوونی عێراق.

پـێـنجشه‌ممه‌، هوشـیار زێباری به‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی ڕاگه‌یاند كه‌ ئاسایش له‌ پـێشه‌وه‌ی بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گرنـگه‌كانی عێراق دێت. گوتیشی هاوكاری كردنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق زۆر گرنـگه‌. وه‌ داوای له‌ وڵاتانی ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد یارمه‌تی و پـشتیوانیـیه‌كانیان بۆ عێراق زیاد بكه‌ن و هه‌روه‌ها ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌و وڵاته‌ فراوانتر بكه‌ن.

شایانی باسه‌ ته‌قینه‌وه‌ خوێناویـیه‌كه‌ی باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌غدا له‌ سـاڵی 2003 پاڵی به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ نا له‌ عێراق بـكشـێنه‌وه‌.

پاش ئه‌وه‌ی هوشیار زێباری گوتاره‌كه‌ی پـشـكه‌ش كرد، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیـیه‌كان به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریكا له‌ عێراق تا كۆتایی ئه‌مسـاڵ.

باڵیۆزی ئه‌مریكاش له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، جۆن بۆڵتن به‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕاگه‌یاند كه‌ تیرۆریستان بۆ ئه‌نجامدانی كاری تیرۆریستی له‌ عێراق به‌رده‌وام ده‌بن.

له‌ هه‌واڵه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ عێراقه‌وه‌، له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند زیانی گیانی سه‌ربازه‌ ئه‌مریكـیـیه‌كان له‌ عێراق گه‌یشته‌ 2500 كه‌س.

گوته‌بێژی كۆشـكی سپی تۆنی سنۆ گوتی سه‌رۆك بوش هه‌ست به‌ ئازاری خێزانی قوربانیـیه‌كان ده‌كات و پـێشی وایه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ عێراقدا كوژران به‌ خۆڕایی گیانیان له‌ده‌ست نه‌داوه‌.

XS
SM
MD
LG