Accessibility links

شـای ئوردن له‌ ئیسرائیل ده‌خوازێت دانوسـتاندن له‌گه‌ڵ فه‌له‌سـتیـنیـیه‌كاندا بكات


شای ئوردن، شاعه‌بدولڵا له‌ ئیسرائیل ده‌خوازێت ده‌ستـبكاته‌وه‌ به‌ وتووێژه‌كانی ئاشـتی له‌گه‌ڵ فه‌له‌سـتینیـیه‌كاندا.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ چاوپـێـكه‌وتنێـكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حره‌نۆتی ئیسـرائیلی ، شاعه‌بدولڵا گوتی ڕه‌نـگه‌ په‌یوه‌ندیـیه‌كانی نێوان ئوردن و ئیسرائیل زیانی پـێـبگات ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی جوله‌كه‌ یه‌ك لایه‌نه‌ له‌ چه‌ند به‌شـێـكی كه‌ناری ڕۆژئاوای داگیركراو بكشـێته‌وه‌.

چاوپـێـكه‌وتنه‌كه‌ ڕۆژێـك پـێش سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل ئێهود ئۆڵمه‌رت بۆ عه‌مان دێت، وه‌‌ بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ شاعه‌بدولڵا وتووێژ بكات.

پـێـشـتریش به‌ڕێز ئۆڵمه‌رت گوتبوی ئه‌و دواهه‌مین سنوری ئیسرائیل تا سـاڵی 2010 ده‌سـتنیشان ده‌كات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوبه‌شـێـكی فه‌له‌سـتینـیش بۆ ئاشتی نه‌بێت.

ئیسرائیل دانوسـتاندنی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فه‌له‌سـتینی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی حه‌ماس ڕه‌تـده‌كاته‌وه‌ و سه‌رۆكی فه‌له‌سـتینی مه‌حمود عه‌باس ، باڵی فه‌تح، به‌ ناپه‌یوه‌ندیدار به‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.

شاعه‌بدولڵا به‌ڕێز عه‌باس به‌ هاوكارێكی فه‌له‌سـتینی بۆ ئاشتی ده‌ناسێنێت و ده‌ڵێت ئیسرائیل ده‌بێت دانوسـتاندنی له‌گه‌ڵدا بكات.

له‌ چاوپـێـكه‌وتنه‌كه‌شـدا، شاعه‌بدولڵا ده‌ڵێت ئه‌و پـشـتیوانی له‌ ڕاپـرسـیـیه‌ گشتیـیه‌كه‌ ده‌كات كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی فه‌له‌سـتینیـیه‌وه‌ پـلانی بۆ داڕێژراوه‌. ڕاپـرسـیـیه‌ گشـتیـیه‌كه‌ ئه‌گه‌ر بكرێت ئه‌وا له‌ فه‌له‌سـتیـنیـیه‌كان ده‌پـرسن ئایا ده‌نـگ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌و دۆكۆمێنته‌ ئاشـتیـیه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن زیندانه‌ فه‌له‌سـتیـنیـیه‌كانه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌. دۆكۆمێنته‌كه‌ش ده‌خوازێت كه‌ ده‌وڵه‌تێـكی فه‌له‌سـتینی سه‌ربه‌خۆ له‌ پاڵ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلدا دابمه‌زرێت و دان به‌ بوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلیشدا بنرێت.

XS
SM
MD
LG