Accessibility links

دۆناڵد ڕامسفێـڵد سه‌ردانی ڤـێـتنام ده‌كات


ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دۆناڵد ڕامسفێـڵد به‌ سه‌ردانێـك گه‌یشـته‌ هانۆی پایته‌ختی ڤـێـتنام، وه‌ له‌وێ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ كاربه‌ده‌سـتانی كۆمۆنیستی ڤـێـتنام كۆبۆوه‌ به‌ مه‌به‌ستی پـته‌وكردنی په‌یوه‌ندیـیه‌ له‌شـكریـیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌یاره‌ كۆنه‌.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی به‌ڕێز ڕامسـفێڵد به‌شـێـكه‌ له‌و گه‌شته‌ی كه‌ بۆ چه‌ند وڵاتێـك له‌ ئاسـیا ده‌یكات، وه‌ تیایدا مه‌سه‌له‌ی تیرۆر و ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا ته‌وه‌ره‌ی وتووێژه‌كانن.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ش به‌ڕێز ڕامسـفێـڵد چاوی به‌ وه‌زیری به‌رگری ڤـێـتنام، فام ڤان ترا كه‌وت. هه‌ردوولایان كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانیان زیاد بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌ربازانی هه‌ردوولا كه‌ له‌ ده‌می شه‌ڕی ڤێـتنامدا بێ سه‌روشوێن بوون. هه‌روه‌ها ڕێـكیشـكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌كانی ڕاهێنانی پـزیشـكی و سه‌ردانی شـاندی له‌شـكری له‌ نێوانیاندا په‌ره‌ی پـێـبده‌ن.

به‌ڕێز ڕامسـفێـڵد ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ به‌ په‌یامنێرانی گوت ئامانجمان باشـكردنی به‌ره‌به‌ره‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌كانه‌، كه‌ هێشـتا به‌ هۆی شه‌ڕی پـێش 30 سـاڵه‌ی ڤێتنام كه‌لێنه‌كانی ساڕێژ نه‌بۆته‌وه‌.

به‌ڕێز ڕامسـفێـڵد گوتیشی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بـیبینین گه‌شه‌پـێـكردنی په‌یوه‌ندیـیه‌كانمانه‌ به‌ شـێوه‌یه‌ك كه‌ به‌ دڵی هه‌ردوولامان بێت، وه‌ ئه‌وه‌تا له‌ ماوه‌ی سـاڵانی ڕابوردوودا به‌و ئاڕاسـته‌یه‌ هه‌وڵمان داوه‌، وه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێـگایه‌ به‌رده‌وام ده‌بین.

شـایانی باسه‌ ئه‌مه‌ دووه‌مین سه‌ردانی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكایه‌ بۆ ڤـێـتنام دوای 11 سـاڵ له‌ ده‌سـتپـێـكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی نێوانیان.

XS
SM
MD
LG