Accessibility links

كۆشـكی سـپی ده‌ڵێت ڕه‌نگه‌ ئێران لیستی پاداشته‌ هانده‌ریـیه‌كانی به‌م نزیكانه‌ به‌ده‌ست بگات


به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش ده‌ڵێت له‌وانه‌یه‌ ئێران له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژی داهاتووه‌دا لیستی پاداشـته‌ هانده‌ریـیه‌كانی ڕۆژئاوای به‌ده‌ست بگات تا چالاكیـیه‌ ناوه‌كیـیه‌كانی ڕابگرێت.

ڕۆژی هه‌ینی له‌ واشـنتۆن، گوته‌بێژی كۆشـكی سـپی تۆنی سـنۆ گوتی زۆربه‌ی وڵاته‌ گه‌وره‌كانی جیهان ڕێـكـكه‌وتن له‌سه‌ر پاداشته‌ هانده‌ریـیه‌كان و هه‌روه‌ها سزاكانیش ئه‌گه‌ر ئێران داوا نێوده‌وڵه‌تیـیه‌كان ڕه‌تبكاته‌وه‌، بڕیاریشه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا پـێشـكه‌شی ئێران بكرێت. سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ڕه‌تـكردنه‌وه‌ی پـێشـنیازه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، تۆنی سنۆ گوتی ئێران ناتوانێت شـتـێـك ڕه‌تبكاته‌وه‌ كه‌ هێشـتا نه‌یدیوه‌، گوتیشی ئه‌وان ته‌نها بۆیان هه‌یه‌ سه‌یری پـێـشـنیاره‌كان بكه‌ن.

لێدوانه‌كانی تۆنی سـنۆ له‌ كاتێـكدا دێت كه‌ ڕۆژی هه‌ینی ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی ئێران له‌ زاری سه‌رۆكی ئێرانی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده‌وه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێت ئێران مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی به‌رده‌وابێت له‌ په‌ره‌پـێدانی وزه‌ی ناوه‌كی ئاشـتیخوازانه‌یی.

پـێـشـتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆنده‌لیزا ڕایس گوتی هیواداره‌م ئێران به‌ گرنـگی بڕوانێـته‌ ئه‌و پاداشـته‌ هانده‌ریـیه‌ نوێـیانه‌ی پـێی ده‌به‌خشرێت ئه‌گه‌ر چالاكیـیه‌ ناوه‌كیـیه‌كانی ڕابگرێت.

ڕۆژی پـێنـجشه‌ممه‌ له‌ ڤیه‌نـنا، وڵاته‌ مه‌زنه‌كانی جیهان له‌سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران ڕێـكـكه‌وتن. كۆنده‌لیزا ڕایس گوتی پاداشـته‌كان بریتین له‌ یارمه‌تی دارایی و ته‌كنه‌لۆژی، وه‌ له‌وانه‌شه‌ سزا به‌سه‌ر ئێراندا بسه‌پـێنرێت ئه‌گه‌ر پـێـشـنیاره‌كه‌ ڕه‌تـبكاته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG