Accessibility links

ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ به‌ چه‌ند مه‌رجێكه‌‌وه‌ ووتوێژ له‌گه‌ڵ ئێران دا بكات


كۆنده‌لیزا رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێت واشنتۆن پێی باشه‌ به‌شداری له ووتوێژه‌كانی ووڵاتانی ئه‌وروپادا له‌گه‌ڵ ئێران‌دا بكات. ئه‌گه‌ر بێتوو تاران جم و جۆڵه‌ ناوه‌كیه‌ مشتومڕ له‌سه‌ره‌كانی ڕابگرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ، خانم رایس له و‌اشنتۆن گوتویه‌تی ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا وابه‌سته‌ی چاره‌سه‌رییه‌كی دیپلۆماسیانه‌یه‌ بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ ناوه‌كیه‌ی ئێران. گوتوشیه‌تی ده‌بێت ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی پشت ڕاستكراوه‌ كرده‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆم و سه‌ر له نوێ پرۆسێسكردنه‌وه‌كانی ڕابگرێت كه ده‌شێت بۆ دروستكردنی چه‌كی ناوه‌كی به‌كاربهێنرێت.

هه‌رچی ئێرانه سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ی ته‌نها بۆ به‌رهه‌م هێنانی ووزه‌ی ئه‌لكتریكیه‌.

خانم رایس ده‌ڵێت هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی جیهان ڕێكه‌وتون له‌سه‌ر به‌نده ‌به‌راییه‌كانی پێشنیازكردن و ئابوری بۆ ئێران ئه‌گه‌ر بێتوو كرده‌ ناوه‌كیه‌كانی ڕابگریت.

ئه‌ڵمانیا و هه‌ر پێنج ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (ئه‌‌مریكا، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا چین و ڕوسیا) وابڕیاره ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ له ڤیه‌ننا كۆببنه‌وه‌ بۆ تاووتوێكردنێكی زیاتری ئه‌و پێشنیازی كۆمه‌كه‌ ئابوریانه‌‌ بۆ ئێران.

جێی بیر خستنه‌وه‌یه‌ له‌وه‌تای ساڵی 1979 و بڕینی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی، ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران هیچ ووتوێژێكی ڕاسته‌وخۆی فه‌رمیانه‌یان نه‌بووه‌.‌

XS
SM
MD
LG