له‌شكری ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ئه‌فغانستان ده‌ڵێت ئاكامی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌رایی وانیشان ده‌دات ته‌قه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ خۆپاراستن بووه له‌و ڕووداوی ماشێنه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه كه بووه مایه‌ی ئاژاوه‌گێڕی له ناوجه‌رگه‌ی كابوڵی پایته‌خت‌دا.
كۆڵۆنێل تۆم كۆڵینس ده‌مڕاستی له‌شكری ئه‌مریكا له میانه‌ی كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتویه‌تی به پێی ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی ئه‌فغانی 20 كه‌س كوژراون و سه‌د و شه‌ست كه‌سی تریش بریندار بوون.
له‌و ڕووداوه‌دا و له‌و ئاژاوانه‌ی به دوایدا هاتن پێشتر " كۆڵینس" گوتبووی ڕووداوه‌كان به‌هۆی برێك نه‌گرتنی ماشێنه گه‌وره له‌شكرییه‌كه‌ی ئه‌مریكاوه ڕوویداوه و شۆفێره‌كه‌ی كۆنترۆڵی خۆی له‌ده‌ستداوه و خۆیداوه به ژماره‌یه‌ك ماشێنی تردا.
كۆڵینس ده‌ڵێت پاش ڕووداوه‌كه، چه‌ته و ڕێگره‌كان به‌ردیان گرتۆته سه‌ربازه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌شیان لێكردوون و گوتوشیه‌تی له‌نێو قه‌ره‌باڵغیه‌كه‌شه‌وه ته‌قه كراوه و سه‌ربازه‌كانیش چه‌كی خۆیان به‌كارهێناوه بۆ خۆپاراستن.
كۆڵێنێڵ تۆم كۆڵینس ده‌ڵێت هێشتا زووه تا بگوترێت سه‌ربازه‌كان ته‌قه‌یان به ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا كردووه یان به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌دا ته‌قه‌یان كردووه. به‌ڵام هه‌ندێ له شایه‌ته‌كان ده‌ڵێن سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكایان بینیوه ته‌قه‌یان له خه‌ڵكه سیڤیڵه‌كه كردووه.
په‌رله‌مانی ئه‌فغانستانیش به‌رنوسی بڕیارێكیان په‌سه‌ند كردووه و تیایدا داوا له حكومه‌تی ووڵاته‌كه ده‌كات ئه‌و كه‌سانه بگرن كه به‌رپرسی ئه‌وو ڕووداوه‌ن.