Accessibility links

ڕووسیا بانگه‌شه‌ی ئێران ده‌کات پێشنیاره‌کانی ووڵاتانی ئه‌وروپی قبوڵ بکات


ڕووسیا بانگه‌شه‌ی ئێران ده‌کات، پێشنیاره‌کانی ووڵاتانی ئه‌وروپی قبوڵ بکات و چالاکیه‌کانی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا سێرجی لاڤرۆڤ له کوێت گوتویه‌تی ئه‌و هیواداره‌ ئێران ئه‌و پێشنیارانه‌ قبوڵ بکات و هاوکاری ئاژانسی ووزه‌ی ئه‌تۆمی نێونه‌ته‌وه‌یی بکات.

به‌ڕێز لاڤرۆڤ گوتیشی که‌وا خوازیاره‌ کۆبونه‌وه‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی هه‌ر پێنج ئه‌ندامه ‌هه‌میشه‌ییه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا به‌ گه‌یشتن به‌ ڕێکه‌وتنێک له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیارانه‌ کۆتایی بێت که‌ به‌ مه‌به‌ستی کۆتایی هێنان به‌ بن به‌ستی مه‌سه‌له‌ی ناوه‌کی ئێران ئه‌نجام ده‌درێت.

هه‌فته‌ی ڕابردوو، ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا پێشنیازێکی بازرگانی و یارمه‌تی ته‌کنه‌لۆژییان پێشنیار کرد. ڕاپۆرته‌کانی ده‌زگاکانی میدیاش ده‌ڵێن هه‌ر سێ ووڵات گفتوگۆیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی متمانه‌دان به ئێران کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ن ئه‌مریکاوه هێرشی نه‌کرێته‌ سه‌ر، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری یارمه‌تیدانی ئێران له دامه‌زراندنی ده‌زگای ریاکته‌ری ئاوی سوک بۆ ووزه‌ی ناوه‌کی له ووڵاته‌که‌یدا.

کۆبونه‌وه‌که‌‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تیایدا وورده‌کارییه‌کانی ئه‌و پێشنیازانه‌ باس ده‌کرێن.

به‌ڵام پێشتر، ئێران ئه‌و پێشنیازانه‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌ و گوتی واز له پیتاندنی یۆرانیۆم ناهێنێت.

هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسی له میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا و پاش کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کوێتی موحه‌ممه‌د ئه‌لسوباح گوتی ڕووسیا پشتگری له به‌کارهێنانی کرداری له‌شکری له دژی ئێران ناکات.

XS
SM
MD
LG