Accessibility links

هێزه‌كانی ئاسایشی فه‌له‌سـتینی له‌سه‌ر سنور ده‌ست به‌سه‌ر 804 هه‌زار دۆلاری حه‌ماس ده‌گرن


لـێپـرسراوانی ئاسایشی فه‌له‌سـتینی ده‌ڵێن ده‌سـتیان به‌سه‌ر 804 هه‌زار دۆلاری گوته‌بێژی گروپی میلیشـیای حه‌ماسدا گرتووه‌، كه‌ به‌ نیاز بوو له‌ میسره‌وه‌ به‌ قاچاغی بیگه‌یه‌نێته‌ ناو كه‌رتی غه‌زه‌.

ڕۆژی هه‌ینی بۆ ماوه‌یه‌كی كورت كێشه‌ له‌ خاڵی په‌ڕینه‌وه‌ی سنوری ڕه‌فحدا ڕوویدا له‌و كاته‌ی گوته‌بێژی حه‌ماس، سامی ئه‌بو زوهری له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی سه‌ر به‌ مه‌حمود عه‌باسی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌سـتینی ڕاگیرا و پاشان به‌ ده‌یان له‌ چه‌كدارانی حه‌ماس گه‌یشـتنه‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌، به‌ڵام بوونی كاری توندوتیژی له‌ نێوان هه‌ردوو گروپدا ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

كاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن سامی ئه‌بو زوهری پابه‌ندی ڕێنمایـیه‌ گومرگیـیه‌كان نه‌بووه‌ و هه‌وڵی داوه‌ بڕێـك پاره‌ی زۆر له‌ سنوره‌وه‌ بـپه‌ڕێـنێـته‌وه‌. لێپـرسـراوانی حه‌ماسیش ده‌ڵێن ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ لایه‌ن وڵاته‌ عه‌ره‌بیـیه‌كانه‌وه‌ به‌ حكومه‌تی فه‌له‌سـتینی به‌خشێنراوه‌ كه‌ ئێسـتا به‌ قه‌یرانێـكی دارایـیدا ده‌ڕوات.

سه‌رۆكی فه‌له‌سـتینی داوای ئه‌نجامدانی لێـكۆڵینه‌وه‌ی فه‌رمی له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ كردووه‌.

پـێـشـتریش شه‌ڕ و پـێـكدادان له‌ نێوان هێزه‌كانی حه‌ماس و بزوتنه‌وه‌ی فه‌تحی سه‌ر به‌ مه‌حمود عه‌باس له‌ شاری غه‌زه‌ ڕویدا و له‌ ئاكامدا 3 كه‌س بریندار بوون.

شایه‌نی باسه‌ گرژی و ئاڵۆزی نێوان حه‌ماس و فه‌تح له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ستی پـێـكرد له‌وده‌مه‌ی گروپی حه‌ماس بۆ به‌ربه‌ره‌كانی مه‌حمود عه‌باس 3 هه‌زار پـۆلیسی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان چه‌كدارانی میلیشـیای حه‌ماسن. هه‌روه‌ها مه‌حمود عه‌باسیش فه‌رمانی دا به‌ هێزه‌كانی پـۆلیسی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی كه‌ ئه‌وانیش بڵاو بـبنه‌وه‌.

له‌ واشـنتۆنیش، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كۆنده‌لیزا ڕایس هۆشـداریدا و گوتی‌ پـێـكهێنانی هێزی ئاسایشی نه‌یار ڕه‌وشێـكی ترسـناك دروست ده‌كات. گوتیشی ده‌بێت لایه‌نه‌ فه‌له‌سـتیـنیـیه‌كان ڕێز له‌و داخوازیـیه‌ی گه‌له‌كه‌یان بگرن كه‌ نایانه‌وێت توندوتیژی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانیان بـبینن.

XS
SM
MD
LG