Accessibility links

كاربه‌ده‌سـتێـكی فه‌له‌سـتینی ده‌ڵێت عه‌باس له‌گه‌ڵ لیڤـنی كۆده‌بێـته‌وه‌


كاربه‌ده‌سـتێـكی باڵای فه‌له‌سـتینیـیه‌كان، سائیب عره‌یقات گوتوویه‌تی سه‌رۆك مه‌حمود عه‌باس به‌ نیازه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ هاوینه‌ هه‌واری شه‌رم ئه‌لشێخی میسر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌سمی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، تـزیبی لیڤـنی ساز بكات له‌ میانه‌ی كـۆنـگره‌یه‌كی ئابوری كه‌ له‌و وڵاته‌ ده‌به‌سـترێت.

به‌ڕێز عره‌یقات به‌ ڕادیۆی ده‌نـگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاندووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئاكامی گه‌وره‌ی لێ چاوه‌ڕوان ناكرێت، به‌ڵام نیشانه‌یه‌كی باشه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسـرائیل، مارك ڕێـگـێڤ ئه‌م هه‌واڵه‌ی پـشـتڕاست نه‌كردۆته‌وه‌ و گوتوویه‌تی خانم لیڤـنی هێـشـتا خشته‌ی كاره‌كانی ته‌واو نه‌بووه‌.

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرێت به‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئاست به‌رزی نێوان هه‌ردوولا داده‌نرێت له‌وه‌ته‌ی گروپی ئیسلامی حه‌ماس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیـیه‌كه‌ی مانـگی یه‌كی ڕابوردوودا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا.

XS
SM
MD
LG