سه‌رۆک بوش ووتارێکی پێشکه‌ش به گه‌لی ئه‌مریکا کرد سه‌باره‌ت به‌و ریفۆرمانه‌ی له یاساکانی کۆچ کردندا ده‌کرێت و پلانی ناردنی 6000 سه‌ربازی هێزی گاردی نیشتمانی بۆ سنوره‌کانی نێوان ئه‌مریکا و مه‌کسیک ڕاگه‌یاند.
سه‌رۆک بوش له دره‌نگانێکی ڕۆژی دووشه‌ممه له ئۆفیسی سه‌رۆکایه‌تی کۆشکی سپی ئه‌م ووتاره‌ی پێشکه‌ش کرد و له ڕێگه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه بڵاوکرایه‌وه و تیایدا گوتی ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ چه‌ندین ساڵه کۆنترۆڵی ته‌واوه‌تی به سه‌ر سنوره‌که‌یدا نه‌بووه. سه‌رۆک بوش داوای یارمه‌تی دارایشی له کۆنگرس کرد بۆ ئه‌وه‌ی له چاکسازییه گرنگه‌کانی وه‌ک زیادکردنی ژماره‌ی کارمه‌ندان و ئه‌و ته‌کنه‌لۆژیانه‌دا خه‌رج بکرێت که له‌سه‌ر سنور پێویستن.
به‌ڕێز بوش گوتیشی به هاوکاریکردن له‌گه‌ڵ فه‌رماندارانی ستانه‌کانی سه‌ر سنور، نزیکه‌ی 6000 سه‌ربازی گاردی نیشتمانی بۆ سنوره‌کانی باشوری ووڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌نێرێت بۆ یارمه‌تیدان له پاراستنی سنوره‌کانی ووڵات. به‌ڵام سه‌رۆک گوتیشی ئه‌و هێزانه‌ی گاردی نیشتمانی تێکه‌ڵ به هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیس نابن.
سه‌رۆک بوش له درێژه‌ی ووتاره‌که‌یدا بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی به‌رنامه‌ی کار و پیشه‌ی کاتی کرد تاوه‌کو ئه‌و کارمه‌نده بیانیانه بتوانن به شێوه‌یه‌کی یاسایی و بۆ کاتێکی دیاریکراو کار له ئه‌مریکادا کار بکه‌ن. ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ش یارمه‌تی پێداویستیه‌کانی ئابوری ئه‌مریکا ده‌دات و ڕێژه‌ی قاچاخچێتی به خه‌ڵکیه‌وه که‌م ده‌کاته‌وه.
سه‌رۆک بوش بڕیاری لێخۆشبون له کۆچبه‌ره نایاساییه‌کانیشی ڕه‌تکرده‌وه و گوتی مانای وایه ده‌ستبه‌جێ مافی به ووڵاتی بوونیان ئه‌ده‌یتێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌رۆک سنورداشکردنی ژماره‌یه‌کی ئێجگار زۆری کۆچبه‌ره نایاساییه‌کانی ڕه‌تکرده‌وه که ئێستا له ووڵاتهکهدان. هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی چاره‌سه‌رێکی مام ناوه‌ندی بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌کات که بۆ چه‌ندین ساڵه له ووڵاته‌که‌دا کار ده‌که‌ن به‌وه‌ی بتوانن داوای به ووڵاتی بوون بکه‌ن.
ئه‌م ووتاره‌ی سه‌رۆک بوش له کاتێکدا هات که سیناتی ئه‌مریکا مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ریفۆرمه‌کانی یاسای کۆچبه‌ران ده‌کات.